خاچی سووری نێودەڵەتی رەوشی تەندروستی زیندانیان تاوتوێ دەكات
بەرپرسی دیسكی تەندروستی كوردستان24 لە كۆنفرانسەكە بەشداربوو
K24 - ھەولێر
سەندیكای پزیشكانی كوردستان بەشداری لە كۆنفرانسێكی خاچی سووری نێودەوڵەتی دەكات، كە بە ئامانجی بەرەو پێشبردنی رەوشی تەندروستی زیندانی و مافەکانیان و گرنگیدان بە تەندروستییان و دانانی سیستەمێکی گونجاو بۆ سەلامەتی پزیشک و زیندانییان لە گرتووخانەکاندا رێكخرابوو.
بە داوەتنامەیەکی فەرمی لە لایەن خاچی سووری نێودەوڵەتی کە بارەگای سەرەکی لە وڵاتی سویسرایە سەندیکای پزیشکانی کوردستان بانگهێشتی کۆنفرانسی تایبەت بە رەوشی تەندروستی لە گرتووخانەکاندا کرا و دكتۆر ھەست كەریم، بەرپرسی دیسكی تەندروستی كوردستان24 یەكێك بوو لە بەشداربووانی كۆنفرانسەكە.
کۆنفرانسەکە کە بە بەشداری زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکان لە عەممانی پایتەختی ئوردن بەڕێوەچوو، تیایدا سەندیکای پزیشکانی کوردستان وەک نوێنەری وڵاتێکی سەربەخۆ لە پاڵ وڵاتەکانی عێراق و لوبنان، جەزائیر، تونس، مەغریب و چەند وڵاتێكی دیكە بەشدار بوو، بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی ئوردن و نوێنەری کۆمەڵەی پزیشکانی جیهانی دەستی بە کارەکانی کرد.
ناوەرۆکی کۆنفرانسەکە تایبەت بووبە بەرەو پێشبردنی رەوشی تەندروستی زیندانی و مافەکانیان و گرنگیدان بە تەندروستییان و دانانی سیستەمێکی گونجاو بۆ سەلامەتی پزیشک و زیندانییان لە گرتووخانەکاندا هەروەها زیادکردنی رۆڵی سەندیکا پزیشکییەکان لەم شوێنانەدا.
لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی گرنگی بە قوربانیانی جەنگ دەدات و لە کاتی شەڕدا بە بێ جیاوازی هاوکاری دەگەیەنێتە لێقەوماوان و بەدواداچوون بۆ بارودۆخی زیندانییان و بێسەروشوێنەکان دەکات.