پێش ئهوهی پرێمهرلیگ دهست پێبكات، ئهم 17 داتایانه بخوێنهوه
ئهم 17 ریكۆردهی كه پێشبینی دهكرێت لهم وهرزه بشكێندرێن
ئهمشهو به یاری نێوان ئارسناڵ و لیستەر سیتی وەرزێکی تازەی خولی نایابی تۆپی پێی ئينگليزی دەست پێدەکات، هاندهرانيش بهجۆش و خرۆشهوه چاوهڕوانى دیمهنه ناوازه و گۆڵه نایابهكانی پرێمهرلیگن، بهڵام پێش دهستپێكردنهوهی وهرزێكی نوێی پرێمهرلیگ، پێویسته هاندهرانی ئهو خوله گرینگترین ژمارە و داتا و ریكۆردهكانی تایبهت به پرێمهرلیگ بزانن، بهوپێیهی هاندهران به تامهزرۆییهوه له چاوهڕوانی شكاندنی ئهو ژماره پێوانهییانهن كه وهرزی رابردوو تۆمار كران.
1ـ یانەی تۆتێنھام وەرزی رابردوو ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کرد و بووە یەکەم یانە لە دوای وەرزی 1964 ـ 1965 لە یاریگای خۆی ھیچ یارییەکی نەدۆڕاند، لە 17 یاریدا براوە بوو لە دوو یاریشدا یەکسان بوو.
2ـ پیپ گواردیۆلا بووە یەکەم راھێنەر شەش یاری بەدوای یەکتر بباتەوە، پێشتر ئەو ژمارەیە بەناوی کارلۆ ئەنچیلۆتی بوو، ھەروەھا گریک شکسپیر بووە یەکەم راھێنەری بەریتانی 5 سهركهوتنی لهسهریهك تۆمار بكات.
3ـ نگوڵو کانتی یاریزانی یانەی چێڵسی، بووە یەکەم یاریزان لە دوای ئیریک کانتۆنا دوو وەرز بەدوای یەکتر لەگەڵ دوو یانەی جیاواز ناسناوی پریمەرلیگ بباتەوە، پێشتر کانتۆنا لە 1992 و 1993 لەگەڵ یانەکانی مان یونایتد و لیدز یونایتد ناسناوەکەی بردۆتەوە.
4ـ یانەی لیستەر سیتی پاڵەوانی وەرزی 2015 ـ 2016، لە دوای یانەی بلاکبێرن بووە یەکەم یانە وەرزی پێشوو پاڵەوان بێت و لە وەرزی تازە لە یەکەم یاریدا تووشی شکست بێت.
5ـ سام ئالاردایس کە وەرزی رابردوو راھێنەرایەتی یانەی کریستاڵ پاڵاسی کرد، بووە یەکەم راھێنەر لەگەڵ 6 یانە کار بکات، پێشتر راھێنەرایەتی یانەکانی بۆڵتۆن، نیوکاسل، بلاکبێرن، وێستھام و سەندەرلاندی کردووە.
6ـ یانەی چێڵسی ژمارەی ھەردوو وەرزی (2004 ـ 2005) و (2005 ـ 2006)ـی دووبارە کردەوە و لە 30 یاریدا بردنەوەی تۆمار کرد.
7ـ یانەی مان یونایتد وەرزی رابردوو 18 بردنەوەی تۆمار کرد، ئەمە خراپترین ژمارەی یانەکەیە لە دوای وەرزی 2013 ـ 2014.
8ـ تا ئێستە 5 گۆڵپارێز لە مێژووی پریمەرلیگ گۆڵیان تۆمار کردووە ئەمانەن: پیتەر شمایکل، براد فریدل، پول رۆبسۆن، تیم ھاورد و ئەسمیر بیگۆڤیچ.
9- یانەی چێڵسی بووە یەکەم یانە له یاری ھاتن و چوون لە 12 یانە بباتەوە، پێشتر لە وەرزی 2006 ـ 2007 یانەی مان یونایتد ھەمان ژمارەی تۆمار کردبوو.
10- کیڤین دی برۆین یاریسازی یانەی مان سیتی، بووە یەکەم یاریزان 15 دەرفەتی گۆڵکردن بۆ ھاوڕێکانی بڕەخسێنێت، ئەمە زۆرترین ھەلی گۆڵ تۆمار کردن بووە لە دوای دەیڤید سیلڤا لە وەرزی 2011 ـ 2012 کە ھەمان ژمارەی تۆمار کرد بوو.
11- یانەی تۆتنھام وەرزی رابردوو 86 خاڵی کۆکردنەوە، ژمارەی خاڵەکانی یانەی لیستەر سیتی تێپەڕ کرد، کاتێک بە 81 خاڵ بووە پاڵەوانی وەرزی 2015 ـ 2016.
12- پیتەر کراوچ ھێرشبەرە باڵە بەرزەکەی یانەی ستۆک سیتی بووە 26ـهمین یاریزان لە مێژووی پریمەرلیگ 100 گۆڵ تۆمار بکات، کاتێک لە مانگی شوباتی رابردوو لە دژی یانەی ئیڤەرتۆن گۆڵی ژمارە 100ـی تۆمار کرد.
13- ئەنتۆنیۆ کۆنتی راھێنەری یانەی چێڵسی بووە چوارەم راھێنەر لە یەکەم وەرزدا ناسناوی پریمەرلیگ بباتەوە، پاش گواردیۆلا، ئەنچیلۆتی و پیلگرینی.
14- یانەی بێرنلی ژمارەیەکی سەیری تۆمار کرد، کاتێک لە کۆی 11 یاری تەنیا یەک خاڵی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەدەستھێنا و لە دابەزین بۆ ریزی یانەی پلەیەکەکان نزیک بوو، بەڵام دواجار خانەی شازدەیەمی پێبڕا.
15- ئەنتۆنیۆ کۆنتی راھێنەری یانەی چێڵسی بووە چوارەم راھێنەری ئیتاڵی ناسناوی خولی ئینگلترا بباتەوە، لەدوای ھەر یەکە لە راھێنەران، ئەنچیلۆتی، مانچینی و رانیێری.
16- وەرزی رابردوو 11 راھێنەر لە کارەکانیان دوور خرانەوە یاخود دەستیان لەکار کێشایەوە، ئەمەیش دەبێتە دووەم ژمارە لە دوای وەرزی 1994 ـ 1995 کاتێک 15 راھێنەر گۆڕدران.
17- ژمارەی ئەو یاریزانە بیانییانەی کە لە دواین ھەفتەدا یارییان کرد گەیشتە 112 یاریزان لە کۆی 220 یاریزان، ئەمانەیش دابەش بوون بەسەر ئەمریکای لاتین، ئەفریقیا و ئاسیا.
ئامادهكردنی: مەسعوود حەسەن