ئەسەسەرد: گرنگە لە كۆبوونەوەی پارتی و گۆڕان بناغەیەك بۆ چارەسەری تەواوی كێشەكان دابنرێت
"ئەگەر لەسەر لەھەندێك وردەكاری رێك بكەون ھەموو پرسەكانی دیكە لە پەرلەمان بڕیاری لەسەر دەدرێت"
K24 - ھەولێر
ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان پێی وایە، بزووتنەوەی گۆڕان بۆچوونەکانی یەکلا دەکاتەوە و گرنگە لە كۆبوونەوەی نێوان پارتی و گۆڕان بناغەیەك بۆ چارەسەری تەواوی كێشەكان دابنرێت.
لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی ئەنادۆڵ فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاندووە: "بابەتی سەرەکی نێوان پارتی و گۆڕان کاراکردنەوەی پەرلەمانە، ئەو بابەتەش ھەندێک وردەکاری دەوێت و ئەگەر ئەوان لەسەر ئەو وردەکاریانە رێک بکەون ھەموو پرسەکانی دیكە دەچێتە پەرلەمان و لەوێ بڕیاری لەسەر دەدەن، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەم کۆبوونەوەیە بناغەیەک دابنێت بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا، پاشان ئەوە رێگا خۆش بکات بۆ گەڕانەوەی گۆڕان و کاراکردنەوەی پەرلەمان".
لەبارەی سیاسەتی نوێی کارکردنی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ: "سیاسەتی ئەوان درێژەپێدانی ھەمان سیاسەتی پێشووە، بەڵام لە ھەلومەرجێکی تازەتردا کە دەبێت ئەو ھەلومەرجە لەبەرچاو بگیرێت، تا قۆناغێک لەمەو پێش پرسی ریفراندۆم ئەو ھەژموونە گەورەیەی پەیدا نەکردبوو، ئێستا ھەژموونێکی گەورەی بەلایە ئیجابی و سلبیەکەی پەیدا کردووە، لایەنە سلبیەکەی ئەوەیە بەرەیەک دژ بە ریفراندۆم پەیدا بووە، لایەنە ئیجابیەکەش بەوەی بەرەیەک لەگەڵ ریفراندۆمدایە، ھەردووبەرەش کار بۆ بووچوونەکانی خۆیان دەکەن تاوەکو ریفراندۆم ئەو بۆچوونە تیایدا زاڵ بێت کە خۆیان دەیانەوێت، پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمانیش، بەھۆی کارکردن بۆ ریفراندۆم بە پلەی سەرەکی ھاتووەتە ئاراوە، ئەوە لەمەوپێش لە ئارادا نەبوو، بەڵام کە ئێستا ھاتووەتە ئاراوە ھەردوولا ھەوڵی ئەوە دەدەن کە ھەردوو بابەتەکە پێکەوە ببەسترێتەوە بەوەی ھەم بەرەو ریفراندۆم بچین و ھەم پەرلەمان کارا بکرێتەوە".