بەھۆی تەقینەوەیەك لە قەرەتەپە 4 كەس گیانیان لەدەستدا

تەقینەوەكە لە رێگەی بۆمبی چێندراو ئەنجامدراوە

K24 - گەرمیان

پەیامنێری كوردستان24 لە گەرمیان رایگەیاند: "سەر لە بەیانی ئەمڕۆ بەھۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چیندراو لە گوندی عومەر مەندانی سەر بە ناحیەی قەرەتەپە 4 ئەندامی خێزانێك گیانیان لە دەستدا".

گوتیشی: "ئەو كەسانەی لە تەقینەوەكە گیانیان لە دەستداوە، ھەموویان ئەندامی خێزانێكن دوو منداڵ و دایك و باوكیان لەكاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە بەسەر پردێكدا رۆیشتوون تەقینەوەكە روویداوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ داعش تاوەرێكی كارەبای لە ناوچەكە تەقاندووەتەوە و سێ تاوەری دیكەیان بۆمبڕێژ كردووە، ئێستا ھێزەكانی پێشمەرگە سەرقاڵی پوچەڵكردنەوەی بۆمبەكانن، چەكدارانی داعش دوو رۆژ لەمەوبەریش دوو تاوەری دیكەیان لە سنوورەكە تەقاندەوە".

ئەمە لەكاتێكدایە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەك تەقینەوە لە سنووری قەرەتەپە روویانداوە، بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیش رایانگەیاندووە كە ئەو كردەوە تیرۆریستیانە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراون.