پۆلیسی سۆران: گه‌نجێك به‌ تاپڕ كۆتایی به‌ ژیانی خۆی هێنا

پۆلیس: گه‌نجه‌كه‌ به‌ هه‌ڵه‌ گوللـه‌تاپڕه‌كه‌ی له‌ده‌ست ده‌رچووه‌

K24 - سۆران:

گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 19 ساڵان، به‌هه‌ڵه‌ گوللـه‌یه‌كی تاپڕ له‌ خۆی ده‌دات و كۆتایی به‌ ژیانی خۆی ده‌هێنیت.

رائید هاوار ئه‌رگوشی، گوته‌بێژی پۆلیسی سۆران رایگه‌یاند، تیمه‌كانییان له‌لایه‌ن نه‌خۆشخانه‌ی مێرگه‌سۆره‌وه‌ له‌ بوونی ته‌رمی گه‌نجێك به‌ناوی "س. س. ع" له‌دایكبووی 1998 پیشه‌ی قوتابی، ئاگادار كراونه‌ته‌وه‌.

گوته‌بێژی پۆلیسی سۆران راشیگه‌یاند، دوای لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ره‌تایی له‌ شوێنی رووداوه‌كه‌، ده‌ركه‌وت، ناوبراو کاتێک بۆ مەبەستی ئاودانی باخچەیان لە گوندی سێلکێ، لەگەڵ باوکی دەڕوات، لە وێ گوللـەیەکی چەکی تاپڕ، كه‌ پێیان بووە، لە خۆیداوە و لە کاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیان لە دەستداوە.

گوته‌بێژی پۆلیسی سۆران، راشیگه‌یاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووەو تەرمی گه‌نجه‌كه‌ش، رەوانەی پزیشکی دادی سۆران کراوە.

به‌ گوێره‌ی ئاماره‌كانیش لە سەرەتای ئەم ساڵەوە دووەم حاڵەتی خۆکوشتنە بەچەکی تاپر کە لە بەرێوەبەرایەتی سۆران ده‌كرێت.