نووسينگه‌ى عه‌بادى: قسه‌كانى مه‌لا به‌ختيار ناڕاست و دوور له‌ واقيعن

له‌ روونكردنه‌وه‌يه‌كدا نووسيويه‌تى: ئه‌و زانيارييه‌ درۆ و ناڕاسته‌ ره‌تده‌كه‌ينه‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

نووسينگه‌ى راگه‌ياندنى حه‌يده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق لێدوانێكى مه‌لا به‌ختيار لێپرسراوى ده‌سته‌ى كارگێڕى مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى ره‌تكرده‌وه‌.

نووسينگه‌ى راگه‌ياندنى عه‌بادى له‌ روونكردنه‌وه‌يه‌كدا نووسيويه‌تى: ئه‌و زانيارييه‌ درۆ و ناڕاسته‌ ره‌تده‌كه‌ينه‌وه‌، كه‌ له‌ راپۆرتێكى ئاژانسى رۆيته‌رزدا له‌ باره‌ى شاندى سياسى كورد بۆ به‌غدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و تێيدا په‌يامنێرى ئاژانسه‌كه‌ وته‌يه‌كى لێپرسراوى ده‌سته‌ى كارگێڕى مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستانى له‌ راپۆرته‌كه‌دا باسكردووه‌ و زانيارى درۆ و دوور له‌ واقيعى له‌ خۆ گرتووه‌.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: له‌ گفتوگۆكانى شاندى كورديدا به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك ئه‌و بابه‌ته‌ باس نه‌كراوه‌ و ئه‌سڵه‌ن مه‌لا به‌ختيار له‌ ريزى ئه‌ندامانى شانده‌ كوردييه‌كه‌ نه‌بووه‌.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌: هه‌ر بۆيه‌ جه‌خت له‌سه‌ر گرنگى ديققه‌ت له‌ گواستنه‌وه‌ى زانيارى ده‌كه‌ينه‌وه‌ و ئه‌و راپۆرته‌ى ئاژانسه‌كه‌ به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك راى لايه‌نى دووه‌م و راى شانده‌كه‌ى وه‌رنه‌گرتووه‌ و ته‌نيا راى كه‌سێكى وه‌رگرتووه‌ كه‌ هه‌ر ئه‌ندامى شانده‌كه‌ نه‌بووه‌ و زانيارى ناڕاستى باسكردووه‌.

مه‌لا به‌ختيار له‌ لێدوانيدا بۆ ئاژانسى رۆيته‌رز رايگه‌ياندبوو، به‌غدا ئاماده‌يه‌ سازش بۆ هه‌رێمى كوردستان بكات ئه‌گه‌ر بێت و هه‌رێم ريفراندۆم دوابخات.