وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا له به‌غدایه
ماتیس و به‌رپرسانی عێراق ده‌رباره‌ی پێشڤه‌چوونه‌كانی جه‌نگی داعش گفتوگۆ ده‌كه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
جیم ماتیس، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 22/8/2017 گه‌یشته به‌غدای پایته‌ختی عێراق و سه‌ردانی وه‌زیره ئه‌مریكییه‌كه دوای 3 رۆژه له ده‌ستپێكردنی ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ته‌له‌عفه‌ر له لایه‌ن هێزه‌كانی عێراقه‌وه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، ئامانجی سه‌ره‌كی سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا، گفتوگۆكردنه له‌گه‌ڵ سه‌ركرده عێراقییه‌كان ده‌رباره‌ی دوایین پێشڤه‌چوونه مه‌یدانیه‌كانی جه‌نگی دژی داعش.
سه‌رله‌به‌یانی رۆژی 20/8/2017 حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق، له وتاریكدا ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی سه‌ربازیی بۆ كۆنترۆلكردنه‌وه‌ی شارۆچكه‌ی ته‌له‌عفه‌ر راگه‌یاند.
شارۆچكه‌ی ته‌له‌عفه‌ر، یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین قه‌زاكانی پاریزگای نه‌ینه‌وا و نزیكه‌ی 80 كیلۆمه‌تر له رۆژئاوای مووسڵ هه‌ڵكه‌وتووه و له سنووری سووریاوه نزیكه و نزیكه‌ی 200 هه‌زار كه‌سی تیدا ده‌ژی.
چه‌كدارانی داعش له رۆژی 15/6/2014 شارۆچكه‌كه‌یان داگیركردووه و زیاتر له 3 ساڵه ده‌ستیان به سه‌رداگرتووه، ئه‌وه‌ش پاش ئه‌وه بوو كه سوپای عێراق له‌و ناوچانه پاشه‌كشه‌ی كرد و بوونه هۆی درووستبوونی ئه‌و ره‌وشه ناله‌باره و كوژران و ئاواره‌بوونی هه‌زاران كه‌س.
پێشبینی ده‌كرێت ژماره‌ی چه‌كدارانی داعش له شارۆچكه‌كه‌دا 1000 تا 1500 چه‌كدار ببن و به‌شێكیان چه‌كداری بیانی بن. هه‌ر چه‌نده فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا و عێراق وای ده‌بینن نزیكه‌ی 2000 چه‌كداری داعش تا ئیستا له شارۆچكه‌كه‌دابن.