حه‌وت كه‌تیبه‌ی هێزی نوخبه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌سه‌ده‌وه‌ ده‌كه‌ن

ئه‌حمه‌د جه‌ڕبا سه‌رپه‌رشتی ده‌كردن

K24 - هه‌ولێر:

ھەزار و پێنج سەد چەكدار لە ھێزی نوخبه‌ جیابوونەوە و پەیوەندیان بە هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی "ھەسەدە"وە كرد.

حەوت كەتیبە لە خەڵكی دێرلزوور كە لەنێو ھێزەكانی نوخبەی سەر بە ئەحمەد جەڕبا بوون، لە لێدوانێكدا رایانگەیاند، ئەوان لە ھێزەكانی نوخبە جیابوونەتەوە و چوونەتە رێزی ھێزەكانی سووریای دیموكراتییه‌وه‌.

ئاماژەیان بۆ ئەوەشكردووه‌، كە ھۆكاری جیابوونەوەیان ئەوەیە، سوپای ئازادی سووریا لە ئامانجەكانی شۆڕشی سووریا دووركەوتووەتەوە.

ئەو حەوت كەتیبەیە رایانگەیاند، كە ژمارەیان 1500 چەكدارە و بە چەكی خۆیانەوە چوونەتە ریزەکانی ھەسەدە و لەگەڵ ئەوان دەست بە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی دێرلزوور دەكەن.