پەرلەمانی عێراق بڕیاری لەكار لادانی نەجمەدین كەریمی پەسند كرد
"بڕیارەكە بڕیارێكی سیاسییە"
K24 - ھەولێر
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری لەكار لادانی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووكی پەسند كرد.
دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە نووسراوی فەرمی داوای لە پەرلەمانی عێراق كرد، بڕیاری لەكار لادانی نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بخرێتە دەنگدانەوە بڕیارەكە بە زۆرینەی دەنگ و بێ ئامادەبوونی فراكسیۆنە كوردستانییەكان پەسندكرا.
لەوبارەیەوە محەمەد كەمال، سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەو بڕیارە سیاسی و نا یاساییە و بە ھیچ شێوەیەك پێیەوە پابەند نابین".
گوتیشی: "لە راستیدا دەبێ ئەگەر ئەو داوایە بكرێت لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكەوە بێت، لەو رۆژەوەی ئاڵای كوردستان لەسەر باڵەخانەی پارێزگای كەركووك و دامودەزگاكانی دیكەی كەركووك ھەڵكراوە، ئەو دەنگۆیە لە بەغدا دروست بوو كە دكتۆر نەجمەدین لەكار لابدرێت".
نەوزاد رەسوڵ، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی رایگەیاند: "پێشتر سەلیم جبووری، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە فراكسیۆنە كوردستانییەكانی گوتبوو، ئێمە جۆرێك دەستكاری بڕیارەكە بڕیارەكە دەكەین، نازانین مەبەستی چی بوو، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان فێڵبازە و كەسێكە یاری بەھێز لەنێوان لایەنە سیاسییەكان دەكات".
ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر ژمارەیەك پەرلەمانتاری عێراق بۆ لەكار لادانی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك واژوویان كۆكردبووەوە، لەگەڵ گەیشتنی نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ بڕیارەكە خرایە بەرنامەی كار و دەنگی لەسەردرا.
