بەر لە لووتکە سێقۆڵییەکەی لەگەڵ ترەمپ، شی جینپینگ و پوتین دەستیان بە دانوستان کرد

شی جینپینگ، سەرۆکی چین و ڤلادیمێر پوتین، هاوتا رووسییەکەی لە شاری شێنزن دەستیان بە دانوستان کرد، ئەمەش رۆژێک پێش بەڕێوەچوونی لووتکەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.

لووتکە سێقۆڵییەکەی سبەی پێنجشەممە، نیگەرانیی لێکەوتووەتەوە لەوەی ئەو سێ کەسایەتییە بەهێزە لەوانەیە چارەنووسی ئۆکرانیا بەبێ ئاگاداریی کیێڤ و ئەوروپا یەکلایی بکەنەوە.

چین تەنیا ئەوەی خستووەتەڕوو، سەرۆکەکان لە پەراوێزی کۆڕبەندی هەماهەنگیی ئابووریی وڵاتانی ئاسیا و زەریای هێمن (ئاپێک)، ئاڵوگۆڕی قووڵ لەسەر پاراستنی ئاشتیی جیهانی و پەرەپێدانی سەقامگیریی ستراتیژی لە پەیوەندییەکانی نێوان زلهێزەکان دەکەن.

بەپێی زانیارییەکانی واشنتن، شەڕی ئێران و داماڵینی چەکی ناوەکی لە تەوەرەکانی دیکەی گفتوگۆکان دەبن، ئەمەش دوای ئەوەی پەیماننامەیەکی دووقۆڵیی نێوان ئەمریکا و رووسیا سەبارەت بە چەکە ناوەکییەکان لە مانگی شوباتی رابردوو کۆتایی هات.

بەیژینگ ماوەیەکی زۆرە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، دەبێت ئەمریکا و رووسیا جبەخانە ناوەکییە زەبەلاحەکانیان کەم بکەنەوە، بەر لەوەی چین رازی بێت بە دانوستان لەسەر کۆگاکانی خۆی.

لەلای خۆیەوە، سەرۆکی رووسیا بە چاوی ئومێدەوە دەڕوانێتە ئەوەی کۆبوونەوەکە ئەنجامی ئەرێنی هەبێت و رایگەیاند: "پێم وایە بۆ هەمووان بە سوود دەبێت."