"هه‌ڵبژاردنی قۆناغی یه‌كه‌می سیستمی فیدراڵی باكووری سووریا ده‌ستیپێكرد"

ساڵح موسلیم: ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌می پێكهێنانی سیستمێكی فیدراڵی دیموكراتییه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی له‌ چوارچێوه‌ی "سیستمی فیدراڵی" راگه‌یه‌نراو له‌ رۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا، به‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی گه‌ڕه‌كه‌كان ده‌ستیپێكرد.

بڕیاره‌ رۆژئاوای كوردستان، به‌ سێ قۆناغ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدات و ئه‌مڕۆ 22/9/2017 یه‌كه‌م قۆناغی به‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی گه‌ڕه‌كه‌كانی ده‌ستپێكرد كه‌ ژماره‌یان 3732 ئه‌نجوومه‌نه‌ و له‌ رۆژی 3/10"2017 هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانی شار و گونده‌كان و له‌ 19/1/2018 هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی هه‌رێمایه‌تی و كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵگای دیموكراتی له‌ باكووری سووریا به‌ڕێوه‌ بچێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ساڵح موسلیم، هاوسه‌رۆكی پارتی یه‌كێتی دیموكرات "په‌یه‌ده‌" كه‌ ئێستا ئیداره‌ی ناوچه‌كانی رۆژئاوای كوردستان له‌ ده‌ست پارته‌كه‌یانه‌ رایگه‌یاندووه‌: "ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌می پێكهێنانی سیستمێكی فیدراڵی دیموكراتییه‌".

ساڵح موسلیم له‌ رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ به‌ ئاژانسی هه‌واڵی فه‌ڕه‌نسی راگه‌یاندووه‌: "له‌ رۆژئاوای كوردستان سیستمێكی نوێ داده‌مه‌زرێ، ئێمه‌ به‌شێكین له‌ سووریا و داوای فیدراڵییه‌ت ده‌كه‌ین".

هه‌روه‌ها ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ی پرۆسه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌ ناو "ئه‌نجوومه‌نی دامه‌زرێنه‌ری فیدراڵی دیموكراتی باكووری سووریا"ـیه‌، چونكه‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ده‌ره‌وه‌ی رۆژئاوای كوردستانیش كه‌ له‌ ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌دان، به‌شداری ده‌كه‌ن، له‌ شاره‌كانی رۆژئاوای كوردستان به‌ زمانه‌كانی كوردی و عه‌ره‌بی و سریانی، داوا له‌ هاووڵاتیان كراوه‌، بچنه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و به‌شداری له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا بكه‌ن.

به‌ڵام ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كورد له‌ سووریا "ئه‌نه‌كه‌سه‌" بایكۆتی هةلبژاردنه‌كانی كردووه‌و له‌ كه‌ناڵه‌كانی خۆیه‌وه‌ داوای له‌ خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستان كردووه‌، به‌شداریی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا نه‌كه‌ن. چونكه‌ بڕیاریكی تاكلایه‌نه‌یه‌.

Fly Erbil Advertisment