هه‌سه‌ده كێڵگه‌يه‌كى گه‌وره‌ى گازى سرووشتى كۆنترۆڵكرد
ئه‌و كێڵگه‌يه له ده‌ست چه‌كدارانى داعش بووه

K24 – هه‌ولێر:
سه‌ركرده‌يه‌كى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات رايگه‌ياند، هێزه‌كانيان توانيويانه ده‌ستبگرن به‌سه‌ر كێڵگه‌يه‌كى گه‌وره‌ى به‌رهه‌مهێنانى غازى سرووشتى له سنوورى پارێزگاى دێرزوور.
گوتيشى: ئه‌و كێڵگه‌يه له ده‌ست چه‌كدارانى داعش بووه و دواى چه‌ند رۆژێك له شه‌ڕ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه كۆنترۆڵكراوه.
ئه‌حمه‌د ئه‌بو خه‌وله، فه‌رمانده له هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات به رۆيته‌رزى وتووه: كێڵگه‌ى غازى كونوكۆ به ته‌واوى كه‌وتووه‌ته ژێر كۆنترۆڵى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات.
هه‌ريه‌ك له هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات و سوپاى سووريا له دوو ئاراسته‌ى جياوه هێرشه‌كانيان بۆ سه‌ر پارێزگاى دێرزوور ده‌ستپێكردووه.
رووسيا پشتيوانى سوپاى سووريا ده‌كات و ئه‌مريكاش پشتيوانى و كۆمه‌كى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات ده‌كات و ترسى ئه‌وه‌ش هه‌يه هه‌ردوو هێزه‌كه له شاره‌كه به‌يه‌كدا بده‌ن و ئه‌وه‌ش سه‌ربكێشێت بۆ گرژبوونى زياترى په‌يوه‌ندييه‌كانى رووسيا و ئه‌مريكا.
ئه‌بو خه‌وله گوتيشى: سوپاى سووريا و هاوپه‌يمانه‌كانى ته‌نيا چوار كيلۆمه‌تر له هێزه‌كانى سوورياى ديموكراته‌وه دوورن.
رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو، رووسيا هۆشدارى دايه ئه‌مريكا له‌وه‌ى ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى سوپاى سووريا بكاته ئامانج.