نێچیرڤان بارزانی: تورکیا زۆر پێویستی بە گازی سرووشتی هەرێمی کوردستانە

"بەپێی رێككەوتنمان لەگەڵ رووسنەفت بەشێك لەو گازەی بەنێو خاكی توركیا دەدرێتە توركیا"

K24 - ھەولێر

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە دیدارێكیدا لەگەڵ میدیاكانی توركیا رایگەیاند، بەپێی رێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای رووسنەفتی رووسی بۆ راکێشانی بۆڕی بۆ رەوانەکردنی گازی سرووشتی لە رێگەی تورکیاوە بۆ وڵاتانی دەرەوە بەشێك لەو گازەی دەدرێت بە تورکیا، تورکیا پێویستی زۆری بە گازی سرووشتی هەرێمی کوردستانە.

لەبارەی كاردانەوەكانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان سەرۆكی حكوومەتی ھەرێم گوتی: "ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لە توركیا لە ئەندازەی خۆی گەورەتر كراوە، نازانم چی ئەو ریفراندۆمە ھەڕەشەیە بۆ سەر توركیا، ئێمە دراوسێی یەكترین و ھەر دراوسێ دەمینینەوە".

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "دوای 12 ساڵ ئێمە پرسیار لە خۆمان دەكەین، لە كوێی عێراقین و ئایا ئەم عێراقە فیدڕالی و دیموكراتییە و پابەندی دەستوورە، ئەو حوكمڕانییە لە عێراق ھەیە حوكمی تایفەگەرییە، باسی دەستوور دەكەن، ئەو مادانەی لە بەرژەوەندی تایفەگەرییە ئەوانە جێبەجێ دەكەن، ئەوەی لە خزمەتی ئەواندا نییە وەلانراوە و ھیچ جێبەجێ ناكرێت، دەبێ وڵاتانی دیكەش ئەوە بزانن ئەم ھۆكارانە بوون ئێمە بڕیاری ریفراندۆماندا".

سەبارەت بە پەیوەندی ھەرێمی كوردستان و ئیسرائیل و ھەڵكردنی ئاڵای ئیسرائیل لەلایەن ھەندێك ھاووڵاتی كوردستان كە بووەتە نیگەرانی لەلایەنی توركیا نێچیرڤانی بارزانی گوتی: "جگە لە ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان ھەڵكردنی ئاڵای ھەر وڵاتێكی دیكە پەیوەندی بە سیاسەتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە نییە، ئەگەر بە عەقڵانی لەوە بڕوانین باشترە كە لە ھیچ بۆنەیەك ئاڵای ئیسرائیل ھەڵنەكرێت و بەمشێوەیەش گەورە نەكرێت، ئێمە بە شێوەیەكی فەرمی ھیچ پەیوەندییەكمان لەگەڵ ئیسرائیل نییە، لەگەڵ ئەمەشدا دوژمنایەتیمان لەگەڵ ھیچ میللەتێكی دونیا نییە، ئیسرائیل پەیوەندی لەگەڵ توركیا ھەیە و كونسوڵخانەی لە توركیا ھەیە، نازانم بۆ مەسەلەی ئاڵای ئیسرائیل لە ئەندازەی خۆی گەورەتركراوە".

دەربارەی پەیوەندی داھاتووی نێوان ھەرێمی كوردستان و توركیا سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "پەیوەندی ئێمە لەگەڵ توركیا پەیوەندییەكی كۆنە و بێگومان ئەو پەیوەندییە بەردەوام دەبێت".

لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی توركیا و عێراق نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "ئەگەر مانۆڕەكە لەنێو خاكی توركیابێت ئەوە پەیوەندی بەخۆیانەوە ھەیە، بەڵام ئەگەر بێنە نێو خاكی كوردستان بێگومان ھەلوێستمان دەبێت، باوەڕیش ناكەم ئەمە ببێت".

ھەر لەو دیدارەدا و لە پرسیارێكدا لەبارەی پەكەكە سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئەوەی خستەڕوو: "ھیچ لێكچوونێك لەنێوان داواكانی ئێمە و پەكەكەدا نییە، ئێمە باسی كوردستانی عێراق دەكەین، نە مەبەستمانە باسی شوێنی دیكە بكەین و نە دەشیكەین، مەسەلەی كورد لە عێراق تایبەتمەندی خۆی ھەیە و ھەندێك راستی ھەیە دەبێ مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت".