داعش مۆری ویلایەتی رەققەی لە دەستدا

كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی رەققە نزیكبووەتەوە

K24 - ھەولێر

ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) لە پێشڕەویدا بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی رەققە، بەگوێرەی وێنەیەك كە لە میدیاكانی نزیك لە پەیەدە بڵاوكراوەتەوە، مۆری ویلایەتی رەققە كەوتووەتە دەست شەڕڤانانی ھەسەدە.

بە گوێرەی زانیارییەكان ھێزەكانی سووریای دیموكرات، لە گەڕەكی نەھزەی رۆژئاوای رەققە چەند ناوچەیەكی ستراتیژیان لە رۆژئاوای رەققە كۆنترۆڵكردووە كە ویلایەتەكەیان لێ بەڕێوەدەبرد، لەوێوە مۆری داعش كەوتووەتە دەست شەڕڤانان.

بەگوتەی فەرماندەكانی ھەسەدە نزیكەی 90% رەققەیان لە دەستی داعش رزگاركردووە و لە ماوەیەكی نزیكدا كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی رەققە رادەگەیەنن.

شاری رەققە دەكەوێتە باكووری سووریا و لە ساڵی 2014 چەکدارانی داعش کۆنتڕۆڵیانکرد، لە 6 حوزەیرانی2017 ھێزەكانی سووریای دیموكرات بە پشتیوانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوەندی رەققەی دەستپێكرد.

ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی فورات" بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی ناوچەكانی سنووری رەققە رۆژی 5 تشرینی دووەمی 2016 دەستیپێكرد و ھێزەكانی سوریای دیموكرات لە سێ قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكە، ناوچەیەكی زۆریان لە دەوروبەری رەققە كۆنترۆڵكرد، دواتر لە 21 ئاداری 2017 ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی شارۆچكەی تەبقە لە رۆژئاوای شاری رەققە دەستیپێكرد و رۆژی 11 ئایاری 2017 تەبقە لەلایەن ھێزەكانی سووریای دیموكرات كۆنترۆڵكرایەوە.