پەرلەمانتارانی كورد دەچنەوە بەغدا

"دەبێ كۆتایی بە لارێبردنی پەرلەمان بھێنرێت"

K24 - ھەولێر

موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، وەك فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق بڕیاریانداوە، بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان بگەڕێنەوە بەغدا و شەڕی بە دەستهێنانی مافەکانی کورد لە بەغدا بکەن.

 ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە  لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق رێککەوین بۆ ئەوەی چیدیکە پەرلەمانی عێراق بەلاڕێدا نەبردرێت.

موسەنا ئەمین گوتیشی، گەمارۆدانی هەرێمی کوردستان تاوانە، ئەو جۆرە گەمارۆیانە ئەگەر لە حاڵەتی شەڕیشدا بخرێتە سەر لایەنی بەرامبەر ئەوا بە تاوانی جەنگ هەژمار دەکرێت.

ھەروەھا رەخنەی لە پەرلەمان و حکومەتی عێراقیش لەسەر گەمارۆدان و برسیکردنی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان گرت و بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراقی بە نادەستووری وەسفکرد.

ھەر پەیوەست بەم باسەوە تاڤگه‌ ئه‌حمه‌د، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەپێی بڕیاری نەتەوەیەکگرتووەکان هەر گەلێك بۆی هەیە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، بۆیە بڕیارەکانی حکومەت و پەرلەمانی عێراق نادەستوورین.

ئاماژەی بەوەشدا، بڕینی مووچە و قوتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراق هیچی لە جینۆسایدکردن کەمتر نییە.