"توركیا سنوور داناخات"

كۆمپانیاكانی رووسیا ئاماده‌ن له‌هه‌ر ره‌وشێكدا له‌ كوردستان كار بكه‌ن

K24 - مۆسكۆ

دوای ئه‌وه‌ی باشووری كوردستان، به‌سه‌ركه‌وتوویی ریفراندۆمی بۆ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ‌ئه‌نجامدا، هه‌ر یه‌ك له‌ وڵاتانی توركیا و عێراق و ئێران، دەستیان كرد بە هه‌ڕه‌شه‌ و سه‌پاندنی سزا و راگرتنی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان بۆ كوردستان، جیاواز له‌ هه‌موان هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا بۆ زۆرلا جێگای سه‌رنج و هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردن بوون، شاره‌زا و پسپۆران له‌ مۆسكۆ پێیانوایه‌ وڵاتانی ناوچەكە ناتوانن سنووری وڵاته‌كانیان به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا دابخه‌ن، هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ رووسیا له‌ پشت هه‌رێمی كوردستان ده‌وه‌ستێت و گرنگی زیاتر به‌ ئابووری و كه‌رتی وزه‌ی كوردستان ده‌دات.

ئه‌لیكسانده‌ر كوزێنسۆڤ، لێكۆڵه‌ری سیاسی بە كوردستان24 راگەیاند: "من پێم وانیه‌ سنوور به‌ ته‌واوه‌تی دابخرێت، چونكه‌ زۆربه‌مان ده‌زانین كه‌ توركیا چ سه‌رمایه‌گوزارییه‌كی گه‌وره‌ی له‌ كوردستاندا هه‌یه‌، كۆمپانیاكانیوه‌به‌رهێنان و بنیاتنان، قازانجێكی زۆر ده‌ست ده‌خه‌ن له‌ كوردستاندا، هه‌روه‌ها بازاڕ و كه‌رتی وزه‌ی توركیاش پشت ده‌به‌ستێ به‌ كوردستان، بۆیه‌ هیچ كات توركیا ئاماده‌ نییه‌ ئه‌و زیانه‌ گه‌وره‌ له‌ ئابووری وڵاته‌كه‌ی بدات".

ستانیسلاڤ ئیڤانۆڤ،  لێكۆڵه‌ر له‌  ناوه‌ندی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له‌ مۆسكۆ دەڵێ: "بێگومان كۆمپانیاكانی رووسیا ئاماده‌ن له‌هه‌ر ره‌وشێكدا له‌ كوردستان كار بكه‌ن، رووسیا ناترسێت له‌ ململانێ و ره‌وشی ناله‌بار،هه‌ربۆیه‌ گرنگی به‌ ئابووری و كه‌رتی وزه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌دا، ته‌نانه‌ت ئێمه‌ ئێستا له‌ هه‌وڵداین له‌ كوردستانی سووریاش كار بكه‌ین، به‌ دەربارەی داخستنی سنووری توركیا، پێموایه‌ وه‌ك چۆن پێشتر كوردستانی عێراق هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری هه‌بووه‌ و خاكی توركیای به‌كارهێناوه‌ بۆ بازرگانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكە، به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌م هه‌ماهه‌نگییه‌ به‌رده‌وامی ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ بۆ هه‌موو وڵاتان گونجاوه‌، وه‌ هیچ لایه‌ك كێشه‌ و ئاڵۆزی بازرگانی ئابوری و پێكدادانی سه‌ربازی ناخوازێت".