لە پەرلەمانی عێراق رێگری لە پەرلەمانتارانی كورد كرا بچنە نێو پەرلەمان

پەرلەمانتارانی كورد نیگەرانن

K24 - بەغدا

پەیامنێری كوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، رێگری لە پەرلەمانتارانی كورد كرا بچنە نێو پەرلەمانی عێراق، بە گوتەی پەرلەمانتارێكیش داوا كراوە كە پەرلەمانتارانی كورد سوێند بخۆن دەنگیان بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی نەداوە ئینجا رێگەیان پێدەدرێت بچنە نێو پەرلەمان.

شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان24 گوت: "ئێمە وەك فراكسیۆنی پارتی پێشتر دەمانزانی گرژییەك ھەیە و بەردەوام بووین لە بایكۆتكردنی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان، بۆیە پێمان باش بوو فراكسیۆنەكانی دیكەش نەچنە پەرلەمان، بۆ دەبێ بە رەزیلی بچنە ناو پەرلەمان".

گوتیشی: "لەلایەن پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا داواكراوە، ئەمڕۆ ھەر پەرلەمانتارێكی كورد كە بچێتە نێو پەرلەمانی عێراق دەبێ سوێند بخوات كە دەنگی بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان نەداوە، ھەر پەرلەمانتارێكی كورد ئەمڕۆ چووبێت سوكایەتی پێكراوە".

ئەوەشی خستەڕوو: "پێشتر بڕیاربوو ئەمڕۆ پەرلەمانتارانی كورد ئەگەر بچنەوە پەرلەمانیش لە كافتریابن نەچنە نێو ھۆڵی پەرلەمان، بەڵام چەند پەرلەمانتارێكی كورد ھەیە رۆژانە دەنگی پەرلەمانتارانی كورد دەفرۆشن، ھەر ئەوانیش ھۆكاربوون بۆ ئەوەی ئەمە بەرامبەر پەرلەمانتارانی كورد بكرێت".

حەمەسور دووشوانی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "فشار نەخراوەتەسەر پەرلەمانتارانی كورد، من لێرەم و نەمبیستووە كە مەرج دانەنراوە بۆ چوونە ژوورەوەی پەرلەمان، ھیچ ھێزێك نییە دژی ریفراندۆم قسە بە پەرلەمانتارانی یەكێتی بكات".

عادل نووری، پەرلەمانی كورد گوتی: "دوای ئەو بڕیارە شوڤێنیانە كە لە دوو ھەفتەی رابردوو دژی گەلی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەركران، ئەوە دەركەوت كە ئەو پەرلەمانە وەك قیادە سەورەی جاران بوو، كۆمەڵێك لە عەلی حەسەن مەجیدەكان ئەوەیان كرد، نامەیەكم بۆ سەلیم جبووری بۆم نووسیوە وەڵاممان بدەنەوە، ئایا كودەتان كردووە، ئەگەر وابێت ئێمە جێگامان لە بەغدا نەماوە، چونكە ئێوە زۆرینەن، ئەگەر دەشڵێن وانییە لە چەند رۆژی رابردوو كۆمەڵێك بڕیارتان دژی كورداوە دەبێ داوای لێبوردن لە گەلی كورد بكەن، تا ئێستا وەڵامی نامەكەی نەداوەتەوە، بۆیە منیش بڕیارمدا كە نەچمەوە بەغدا ناچمە بەردەرگای پەرلەمانێك كە سوكایەتی لەوێ بە كورد كرابێت، گلەیشم لە ھاوڕێ پەرلەمانتارەكانم ھەیە، دەبێ ئێمە بەسەربەرزی بڕۆینەوە ئەو پەرلەمانە و یەكڕیزیمان تێكنەدابوایە".

بەر لە دەستپێكردنی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، ژمارەیەك پەرلەمانتار بە تایبەتی پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا واژوویان كۆكردووەتەوە دەبێ پەرلەمانتارانی كورد سوێند بخۆن كە دەنگیان بە ریفراندۆم نەداوە ئینجا بێنە نێو پەرلەمان.

لە پەرلەمانی عێراق رێگری لە پەرلەمانتارانی كورد كرا بچنە نێو پەرلەمان
لە پەرلەمانی عێراق رێگری لە پەرلەمانتارانی كورد كرا بچنە نێو پەرلەمان
لە پەرلەمانی عێراق رێگری لە پەرلەمانتارانی كورد كرا بچنە نێو پەرلەمان
لە پەرلەمانی عێراق رێگری لە پەرلەمانتارانی كورد كرا بچنە نێو پەرلەمان
لە پەرلەمانی عێراق رێگری لە پەرلەمانتارانی كورد كرا بچنە نێو پەرلەمان
لە پەرلەمانی عێراق رێگری لە پەرلەمانتارانی كورد كرا بچنە نێو پەرلەمان