میدیاكانی جیھان باسی كۆچی دوایی مام جەلال دەكەن

توانی بە پێگەیەکی بەهێز و دەسەڵاتی زۆرەوە وڵات بەڕێوە ببات

K24 - ھەولێر

میدیاکانی جیهانی بە گرینگییەوە هەواڵی کۆچی دوایی مام جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتی یەكێتی و سەرۆك کۆماری پێشووی عێراقیان رووماڵ کرد. سەرجەم هەواڵەکانیش ئاماژە بە خەبات و پێگەی جەماوەری و دەسەڵاتی ئەم سەرکردەیە لە گۆڕەپانی سیاسیی ناوچەکە و عێراق و کوردستان دەکەن.

فاینەنشال تایمز جەلال تاڵەبانی، بە کەسێکی پرەگماتێك و هێزێك بۆ یەکخستنەوەی عێراق وەسف دەکات و باس لەوە دەکات  مەرگی تاڵەبانی لە ساتێکدا روویدا کە کوردستان بەهۆی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لەژێر فشارێکی زۆرەوە تاقی دەکرێتەوە.

رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمزی ئەمریکیش لە سەردێری هەواڵەکەیدا تاڵەبانی بە یەکەم سەرۆکی عێراق لە پاش شەڕی ئەمریکا ناودەبات، باسیش لەوە دەکات هەرچەندە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی عێراق لەسەر کاغەز تەنیا تەشریفاتین، بەڵام تاڵەبانی لە 2005 تا 2012 بە سوود وەرگرتن لە شارەزاییەکانی خۆی توانی وەك کار بەدەستێکی سەرەکی  بە پێگەیەکی بەهێز و دەسەڵاتی زۆرەوە وڵات بەڕێوە ببات. 

تاڵەبانی لە هەواڵەکەی رۆژنامەی واشینتن پۆستیشدا هەروەها بە هێزی کۆکەرەوەی لایەنەکانی عێراقی وەسف کراوە. رۆژنامەکە تاڵەبانی بە کەسێکی قسەخۆش و جەماوەری ناو دەبات، سیاسەتوانێکی کارامە کە زانیویەتی لەکوێ هەستی کوردایەتیی خۆی کەمتر پیشان بدات.

تاڵەبانی، تاکە هیوا بۆ یەکێتیی عێراق، نەما، ئەمە ناونیشانی هەواڵی رۆژنامەی ئێی بی سی ئەمریکییە، رۆژنامەکە باس لەوە دەکات کە تاڵەبانی لە کاتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك کۆماری عێراق لە 2005 بە هەوادارانی گوتبوو من جلە کوردییەکانم دادەکەنم و جلی عێراقی دەپۆشم و ئێوەش دەبێ ئەمە قبوڵ بکەن،  لە هەمان کاتیشدا ئاماژە بەوە دەدات لە ساڵی 2011 کە تاڵەبانی کەرکووکی بە قودسی کوردان ناوبرد، زۆر لایەنی عێراقیی تووڕە کرد.

لە زۆربەی میدیا جیهانییەکاندا مام جەلال، بە سیاسەتوانێکی باڵادەست ناوبراوە کە توانیویەتی عێراق لە قۆناغی خوێناویی شەڕی تایفی رێنوێنی بکات و هاوسەنگییەك لە نێوان هێزەکانی سوننە و شیعە و کورد رابگرێت.