تاڵه‌بانى 24 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا و له‌ رۆژێكى وه‌ك ئه‌مڕۆدا: پاسه‌وانى شه‌ره‌فى روفاتى نه‌مران ده‌بم

له‌ رۆژێكى وه‌ك ئه‌مڕۆدا

K24 – هه‌ولێر:

له‌ رۆژێكى وه‌ك ئه‌مڕۆدا، 24 ساڵ له‌مه‌و به‌ر رووفاتى رێبه‌رى نه‌ته‌وه‌يى كورد مسته‌فا بارزانى و ئيدريس بارزانى له‌ ئێرانه‌وه‌ گه‌يه‌ندرايه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان و بۆ شه‌و له‌ مزگه‌وتى كاك ئه‌حمه‌دى شێخ (مزگه‌وتى گه‌وره‌) هێڵدرانه‌وه‌ و مام جه‌لال رايگه‌ياند، تا به‌يانى وه‌ك پاسه‌وانى شه‌ره‌ف ئاگادارى رووفاته‌كانيان ده‌بم.

كه‌ژاوه‌ى روفاتى مسته‌فا بارزانى و ئيدريس بارزانى، له‌ سنورى پێنجوێنه‌وه‌ هێنرانه‌وه‌ كوردستان و له‌ نێو ئاپۆڕاى هاووڵاتياندا كه‌ژاوه‌كه‌يان به‌ڕێخرا بۆ سلێمانى و بۆ شه‌و له‌ مزگه‌وتى گه‌وره‌ى سلێمانى هێڵدرانه‌وه‌.

له‌و باره‌يه‌وه‌ مام جه‌لال كه‌ خۆى پێشوازى له‌ روفاته‌كان كرد، رايگه‌ياند، تاوه‌كو به‌يانى وه‌ك پاسه‌وانى شه‌ره‌ف ئاگادارى روفاتى نه‌مران ده‌بم.

له‌ هه‌ڵكه‌وتێكى سه‌يرى مێژوويدا ئه‌مڕۆ له‌ هه‌مان واده‌ و رێككه‌وتدا 6ى تشرينى يه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ر، و دواى 24 ساڵ ته‌رمى مام جه‌لال له‌ مزگه‌وتى گه‌وره‌ى سلێمانى نوێژى له‌سه‌ر ده‌كرێت و سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ مه‌راسيمى به‌خاكسپاردنيدا به‌شدارى ده‌كات.

رێككه‌وتى 6ى تشرينى يه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ر له‌ مێژووى كورددا چه‌ندين رووداوى گرنگى تێدا تۆمار كراوه‌، له‌وانه‌:

*له‌ 6ى 10ى 1925 له‌ خولى 27ى كۆمه‌ڵه‌ى گه‌لاندا بڕيارى ئه‌وه‌ درا كه‌ ويلايه‌تى مووسڵ به‌ ده‌وڵه‌تى عێراقه‌وه‌ بلكێنرێت و مام جه‌لال تاڵه‌بانى پێشه‌كييه‌كى گرنگى له‌ باره‌ى لكاندنى ويلايه‌تى مووسڵ به‌ عێراقه‌وه‌ بۆ كتێبى (مصير ويلاية الموصل)  نووسيوه‌ و تێيدا جه‌خت له‌سه‌ر كوردستانييه‌تى نه‌خشه‌ى ويلايه‌ته‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌.

*6ى 10ى 1945سوپاى عێراق بۆ گه‌مارۆدانى بارزان له‌شكركێشى ده‌ستپێكرد و بۆ رۆژى دواتر گه‌مارۆى سه‌ر بارزان راگه‌يه‌ندرا.

*له‌ رۆژانى 6 و 7ى 10ى 1955 مام جه‌لال له‌ هه‌وڵى مشورخواردنى نامه‌يه‌كدا بوو كه‌ ده‌يويست بۆ سۆڤيه‌تى بنێرێت و دواجار له‌ 8ى 10ى 1955 توانى نامه‌كه‌ى بۆ مسته‌فا بارزانى رابه‌رى شۆڕشى رزگاريخوازى كورد بنێرێت و له‌ بارودۆخى كوردستان و عێراق ئاگادارى بكاته‌وه‌.

  • له‌ 6ى 10ى 1996 سه‌رۆكى ليبيا موعه‌ممه‌ر قه‌زافى له‌ ته‌رابلوس له‌ كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانيدا به‌رامبه‌ر به‌ سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا نه‌جمه‌دين ئه‌ربه‌كان رايگه‌ياند، كورد پێويسته‌ ببێته‌ خاوه‌نى ده‌وڵه‌تى خۆى. قه‌زافى به‌ كه‌سايه‌تييه‌كى نزيك و دۆستى كورد هه‌ژمار ده‌كرا و مام جه‌لال كتێبى سه‌وزى موعه‌ممه‌ر قه‌زافى وه‌رگێڕرابوو بۆ زمانى كوردى و له‌ چه‌ندين كۆڕو كۆبوونه‌وه‌دا ستايشى هه‌ڵوێسته‌كانى قه‌زافى سه‌رباره‌ت به‌ كوردى كردبوو. به‌ شێوه‌يه‌كى گشتى مام جه‌لال دۆستايه‌تى و هاوڕێيه‌تييه‌كى به‌تينى له‌گه‌ڵ قه‌زافيدا هه‌بوو و له‌ چه‌ند قۆناغێكدا قه‌زافى كۆمه‌ك و هاوكارى شۆڕشى خه‌ڵكى كوردستانى كردبوو.
  • سه‌رچاوه‌: هاوڕێنامه‌ بۆ مێژووى كوردستان و كورد، لا 712، چاپى دووه‌م.