بەرھەم ساڵح: كۆچی دوایی مام جەلال كەلێنێكی گەورە دەبێت

"ھیوادارم پەیامەكانی مام جەلال بۆ ئاشتی ھەمیشە لامان بێ"

K24 - ھەولێر

لە لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 لەبارەی كۆچی دوایی مام جەلال، سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق و سكرتێری گشتی یەكێتی، بەرھەم ساڵح، جێگری پێشووی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و سەرۆكی قەوارەی سەرۆكی قەوارەی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری رایگەیاند: "مام جەلال كەسایەتییەكی كارا و مێژوویی ھاوچەرخی كوردبوو، رۆشنبیرێكی گەورە و نووسەرێكی بە فكر و تێزی جوان بوو".

بەرھەم ساڵح گوتیشی: "بۆ شەخسی خۆم مام جەلال، ھاوكار و پشتیوانم بووە لە قۆناغە جیاجیاكانی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا، كۆچی دوایی مام جەلال كەلێنێكی گەورە دەبێ لە ژیانماندا، ھیوادارم پەیامەكانی مام جەلال، ئازای و  بوێری بۆ ئاشتی و مرورەت نواندن لە پێناوی میللەتەكەی خۆیدا ھەمیشە لەلامان بێت، مام جەلال كەسایەتییەكی تایبەت بوو كە ھەمیشە دەیتوانی ناكۆكەكان كۆبكاتەوە".