وێستگەكانی ژیانی مام جەلال لە كەركووك

تاڵەبانی ماوەی سێ ساڵ لە خانووێكدا ژیاوە

K24 - كەركووك

لەماوەی ژیانیدا مام جەلال، لە چەند شوێنێكی جیاواز ژیانی بەسەربردووە، یەكێك لەو شارانەش كەركووكە كە تاڵەبانی تێیدا ژیاوە و لەوێ قوتابی بووە، كوردستان24 بۆ یەكەمجار ئەو خانووە دەدۆزێتەوە کە مام جەلال بۆ ماوەیەك تێدا ژیاوە.

دوای 84 ساڵ تەمەن، مام جەلال کۆچی دوایی کردو ماڵئاوای یەکجاری لە خه‌ڵك و خاكی كوردستان کرد، مام جەلال تەمەنی بەڕێکردو بووە یەکێک لەو سەرکردانەی ناوی چووە مێژووەوە، ئەوەی کە لەپاش خۆی بەجێ دەمێنێت، یادەوەرییەکانێتی، بەشێك لە وێستگەكانی ژیانیشی لە شاری كەركووك بووە، زیاتر لە 60 ساڵ پێش ئێستا مام جەلال لە ماڵێك بۆ ماوەی سێ ساڵ ژیاوەو قۆناغەکانی خوێندنی ئامادەیی تێدا تەواو کردووە، کوردستان24 بۆ یەکەمجار ئەو خانووە دەدۆزێتەوە کە مام جەلال بۆ ماوەیەك تێدا ژیاوە.

کۆچەو کۆڵانەکانی گەڕەکی ئیمام قاسم، تەمەنیان سەدان ساڵە، بە گوتەی ژمارەیەك لە كەسانی بە تەمەنی ئەو گەڕەكە رۆژانە مام جەلال، لەو كاتەی تاڵەبانی لەوێ ژیاوە رۆژانە ملی رێگای ئەم کۆڵانانەی گرتووە و بەڕێكەوتووە بەرەو قوتابخانەی مەرکزی.

ئەو کاتەی مام جەلال لە قۆناغەکانی خوێندنی ئامادەیی بوو، لە نێو ئەم گەڕەکە چەند ساڵێکی تەمەنی بەڕێکرد و خوێندنی ئامادەییشی ھەر لە کەرکووک تەواو کردووە.