داواكاری گشتی داوا لە دەزگاكانی راگەیاندن دەكات دۆخەكە لە بەرچاو بگرن
"بە زیانی گەلی كوردستان تەواو دەبێت و برینەكان قوڵتر دەكاتەوە"
K24 - ھەولێر
لە راگەیەندراوێكدا سەرۆكایەتی داواكاری گشتی ھەرێمی كوردستان داوا لە دەزگاكانی راگەیاندن دەكات، ئەم دۆخە ھەستیارە لەبەرچاو بگرن كە گەل و ھەرێمی كوردستان پێدا تێدەپەڕێت.
لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە ھەستیارەی كە ئەمڕۆ ھەرێمەكەمان و میللەتەكەمان پێیدا تێپەڕ دەبێت، داواكارین رەچاوی ئەم بارودۆخە نەخوازراوە بكەن و خۆتان لە زەقكردنەوەی كێشە ناوخۆییەكان و بڵاوكردنەوەی گۆڕینەوەی تۆمەت لە نێوان لایەنەكانەوە و بەخشینەوەی تەخوین بپارێزن، كە ئەمە ھەمووی بە زیانی گەلی كوردستان تەواو دەبێت و ھێندەی تر برینەكان قوڵتر دەكاتەوە، بۆیە پێویست دەكات لەم ئانوساتەدا لە ھەموو كاتێك زیاتر ھەست بكرێت بە بەرپرسیاریەتی و پابەندبوون بە ئیتیكی كاری راگەیاندنەوە".
داواكاری گشتی راشیدەگەیەنێت: "بە پێچەوانەوە لە سۆنگەی ئەركەكانمان لە پاراستنی مافی گشتی و ئاسایشی و ئارامی ھەرێمی كوردستانەوە ناچار دەبین بە جووڵاندنی داوای سزایی لە دژی ھەر كەناڵێك كە سەرپێچی بكات".
ئەمە لەكاتێكدا دوێنی مەسعود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا لەبارەی رووداوەكەی كەركووك رایگەیاند: "داوا لە دەزگاكانی راگەیاندن دەكەم بە گشتی لە روانگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتیمانی مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی هەستیاری كوردستان و عێراقدا بكەن".
