ژماره‌یه‌ك له خۆبه‌خشه‌كانی خورماتوو دژی "فرۆشتنی" ناوچه‌كانیان له به‌رده‌م مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن
خۆبه‌خشه‌كان: حه‌شدی شه‌عبیمان تا ئامرلی راونا به‌ڵام به‌رپرسانی یه‌كێتی پشتیان تێكردین
K24 - هه‌ولێر:
ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌و گه‌نجه خۆبه‌خشانه‌ی تا دواین سات له شارۆچكه‌ی خورماتوو به‌رگرییان له كوردبوونی خۆیان و كوردستانییه‌تی ناوچه‌كه‌یان كرد، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 18/10/2017 له شاری سلێمانی چوونه به‌رده‌م مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و به درووشمی "ئاش به‌تاڵ" داوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی به‌رپرسانی یه‌كێتی ده‌كه‌ن".
ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ی قسه‌یان بۆ میدیاكان ده‌كرد، چوڵكردنی ناوچه‌كانیان به كاره‌سات و فرۆشتن ناوده‌برد و ناوی چه‌ند به‌رپرسێكی یه‌كێتیان ده‌برد كه شه‌وی 15ـی ئۆكتۆبه‌ر سه‌رجه‌م هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی سه‌ر به‌و حزبه‌ی له ده‌وروبه‌ری شاره‌كه كێشاوه‌ته‌وه‌و خۆبه‌خشه‌كان به ته‌نها ماونه‌ته‌وه".
یه‌كێكی دیكه له خۆبه‌خشه‌كان ده‌یگووت: "ئێمه به‌س خۆمان توانیمان حه‌شدی شه‌عبی تا ناو ناحیه‌ی ئامرلی راوبنێین، به‌ڵام ئه‌و ھێزانه پشتیان تێكردین و ئێمه‌یان فرۆشت و سه‌رگه‌ردان كرد".
هه‌روه‌ها یه‌كێكی دیكه ده‌یگووت: "به‌هۆی ئه‌و خیانه‌ته‌وه ئێستا چه‌ندین ژن و منداڵ كوژراون و له‌و دۆڵ و ههردانهدا منداڵان له برسان ده‌مرن و كه‌س نییه بچێت به‌هانایانه‌وه".
هه‌ر بۆیه به ده‌نگی به‌رز و به توڕه‌ییه‌وه هوتافیان دژی به‌رپرسانی یه‌كێتی ده‌كێشا و به "فرۆشتنی كه‌ركووك و خورماتوو" تۆمه‌تباریان ده‌كردن".