سوپاى عێراق و حه‌شدى شه‌عبى كوردستان 24 له‌ كه‌ركووك قه‌ده‌غه‌ ده‌كه‌ن

فه‌رمانى قه‌ده‌غه‌كردنى رووماڵ و كاركردنى كه‌ناڵى كوردستان 24يان ده‌ركرد.

K24 – هه‌ولێر:

هه‌ريه‌ك له‌ سوپاى عێراق و چه‌كدارانى ميليشياى حه‌شدى شه‌عبى، فه‌رمانى قه‌ده‌غه‌كردنى رووماڵ و كاركردنى كه‌ناڵى كوردستان 24يان ده‌ركرد.

له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا كه‌ شانه‌ى راگه‌ياندنى جه‌نگى سه‌ر به‌ فه‌رمانده‌يى پرۆسه‌ هاوبه‌شه‌كان ده‌ريكردووه‌، هاتووه‌، ئه‌و دامه‌زراوه‌ ميدياييه‌ كار بۆ شێواندنى رايگشتى و بره‌ودان به‌ توندوتيژى ده‌كات و هه‌واڵى ناڕاست بڵاوده‌كاته‌وه‌.

له‌ راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: پێويسته‌ ده‌سته‌ى راگه‌ياندن و په‌يوه‌ندييه‌كان چاودێرى ئه‌و كه‌ناڵه‌ بكات و رێوشوێنى ياسايى له‌ دژى بگرێته‌ به‌ر.

هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م رێپێدانه‌كان بۆ ئه‌و كه‌ناڵه‌ پووچه‌ڵ بكرێنه‌وه‌.

ئه‌م به‌ياننامه‌يه‌ دواى ئه‌وه‌ هات، كه‌ ئه‌مڕۆ كه‌ناڵه‌كانى يه‌كێتى بڵاويانكرده‌وه‌، كه‌ يه‌كێتى بڕيارى ده‌ستگيركردن و راگرتنى بۆ كه‌ناڵى كوردستان 24 ده‌ركردووه‌.

كوردستان 24، وه‌ك ميدياييه‌كى نيشتيمانى به‌رده‌وامه‌ له‌ رووماڵكردنى رووداوه‌كانى كه‌ركووك و خورماتوو و ناوچه‌ كوردستانييه‌كانى ديكه‌ و يه‌كه‌م كه‌ناڵيش بوو كه‌ په‌رده‌ى له‌سه‌ر رێككه‌وتنى ژێربه‌ژێر و نهێنى چه‌ند به‌رپرسێكى يه‌كێتى له‌گه‌ڵ سه‌رانى ميليشياكانى حه‌شد و قاسم سوله‌يمانى فه‌رمانده‌ى سوپاى قودسى پاسداران هه‌ڵماڵى.