ماڵى چه‌ند به‌رپرسێكى پارتى گه‌لى توركمان له‌ كه‌ركووك سوتێنرا

ئه‌مڕۆ چه‌كدارانى عه‌سائيب و جه‌بهه‌ى توركمانى هه‌ڵيانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌ى و دواى تاڵانكردنى سووتاندوويانه‌.

K24 – هه‌ولێر:

سكرتێرى راگه‌ياندنى سه‌رۆكى پارتى گه‌لى توركمانى، محه‌ممه‌د كه‌ركووكلى تايبه‌ت به‌ كوردستان 24ى راگه‌ياند، ئه‌مڕۆ چه‌كدارانى عه‌سائيب و جه‌بهه‌ى توركمانى هه‌ڵيانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌ى و دواى تاڵانكردنى سووتاندوويانه‌.

به‌ گوێره‌ى زانيارى ئه‌و به‌رپرسه‌ى پارتى گه‌لى توركمانى، ليوا تورهان، ياريده‌ده‌رى به‌ڕێوبه‌رى پێشووى پۆليس كه‌ ئێستا سه‌رپه‌رشتى حه‌شدى توركمان ده‌كات، سه‌رپه‌رشتيارى په‌لاماردان و سووتاندن و تاڵانكردنى ماڵه‌كه‌ى بووه‌.

هاوكات دوێنێش عه‌سائيب له‌سه‌ر ديوارى باره‌گاى پارتى گه‌لى توركمانى درووشمى تائيفيان نووسيوه‌ و كردوويانه‌ته‌ باره‌گاى خۆيان.

له‌و باره‌يه‌وه‌ دوێنێ محه‌ممه‌د كه‌ركووكلى رايگه‌ياند‌، ئه‌و په‌لامار و داگيركردنه‌ى باره‌گاكه‌يان به‌ چاوساغى ئه‌رشه‌د ساڵحى سه‌رۆكى به‌ره‌ى توركمانى و چه‌كداره‌كانى ئه‌نجامدراوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌ندامانى ديكه‌ى پارته‌كه‌يان، محه‌ممه‌د كه‌ركووكلى باسى له‌وه‌شكرد، كه‌ دوێنێ چه‌كدارانى جه‌بهه‌ى توركمانى و حه‌شد چوونه‌ته‌ سه‌ر ماڵى ژماره‌يه‌ك له‌ ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سياسييان و ته‌قه‌يان به‌سه‌ر ماڵه‌كانياندا كردووه‌.

هاوكات به‌ گوێره‌ى ئه‌و زانياريانه‌ى ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتوون، جه‌بهه‌ى توركمانى ئاڵاى خۆى له‌سه‌ر ژماره‌يه‌ك باره‌گاى حزب و لايه‌نه‌ كوردييه‌كان له‌ كه‌ركووك هه‌ڵكردووه‌.