راگەیەندراوێك لە وەزارەتی پەروەردەوە

منداڵەكانیان دەتوانن لە نزیكترین شوێنی نیشتەجێبوون درێژە بە خوێندن بدەن

K24 - ھەولێر

وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان ئاگادار دەكاتەوە، یارمەتی ئاوارەكانی سەر بە پارێزگای كەركووك بدەن و دەرگای قوتابخانەكان بە رووی منداڵانیان واڵا بكەن و لە نێو پۆلەكان جێگەیان بكرێتەوە.

وەك لەو راگەیەندراوە ئاماژەی بۆ كراوە: "بنەماڵە ئاوارەکانیش دەتوانن لە شوێنی نیشتەجێبوونی ئێستایان، منداڵەکانیان بگەیێننە نزیکترین قوتابخانە تا لە خوێندن دوا نەکەون و درێژە بە وانەکانیان بدەن".

 

دەقی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی پەروەردە

ئاگادارییەك لە وەزارەتی پەروەردە

بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی (هەولێر و دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان)

لەم دۆخە تایبەتەی هەرێمی کوردستان و بۆ یارمەتیدانی ئئاوارەکانی سەر بە پارێزگای کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە و زەرەرمەندنەبوون و دوانەکەوتنیان لە خوێندن، پێویستە دەرگای قوتابخانەکان بە ڕووی منداڵەکانیاندا واڵا بکرێت تا بە پێی تەمەن و ئاستیان لە نێو پۆلەکاندا جێگەیان بکرێتەوە.

بنەماڵە ئاوارەکانیش دەتوانن لە شوێنی نیشتەجێبوونی ئێستایان، منداڵەکانیان بگەیێننە نزیکترین قوتابخانە تا لە خوێندن دوا نەکەون و درێژە بە وانەکانیان بدەن.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی

وەزارەتی پەروەردە