راگەیەندراوێك لە وەزارەتی پێشمەرگەوە

داوایەك لە خۆبەخشەكان دەكات

K24 - ھەولێر

لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، بۆ باشتر رێكخستن و رێگەگرتن لە دیاردەی نەرێنی و بۆ بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی گیانی خۆبەخشەكان، داوا لە ھەموو خۆبەخشەكان دەكەین خۆیان ناونووس بكەن.

لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگە ھاتووە: "دەزانین كە سەرجەم رۆڵەكانی گەلی كوردستان ھەمیشە بە جۆش و خرۆشن بۆ پاڵپشت و یارمەتیدانی پێشمەرگە و بەرگری كردن لە خاك و نیشتمان و رێژەی ھەرە زۆری خۆبەخشەكانیش نموونەی پڕ شانازی و جێی رێزوپێزانین، بەڵام ئاگاداری ھەموو خۆبەخشەكان دەكەین، بۆ باشتر رێكخستن و رێگەگرتن لە دیاردەی نەرێنی و بۆ بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی گیانی خۆبەخشەكان بە پێویستی دەزانین بە بەرنامەیەكی گونجاو رۆڵ و ئەركی خۆیان ئەنجام بدەن".

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: "بۆ ئەم مەبەستە داوا لە گشت خۆبەخشەكان دەكەین خۆیان ناونووس بكەن لە بارەگای فەرماندەیی كەركووك لە قوشتەپە سەر بە یەكەی 80 ھێزەكانی  پێشمەرگە و رینومایی پێویست وەربگرن سەبارەت بە چۆنیەتی بەشداربوونیان لە كاتی پێویست، ھەروەھا داوا دەكەین لەكاتی رووبەڕووبوونەوە و ھەڵگیرسانی شەڕ بە ھیچ شێوەیەك نەچنە شوێنی شەڕەكە و لەگەڵ ھێزەكانی پێشمەرگە تێكەڵ نەبن".

دەقی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگە
دەقی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگە