سلێمانی خۆی له كوردستان جیاده‌كاته‌وه‌و به ته‌نها مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌كات
گۆڕان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته داوای كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
بڕیاره ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی بۆ گفتوگۆ و بڕیاردان له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌كردنی پارێزگای سلێمانی ته‌نها له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی ئه‌نجام بدا ت و بیانووشیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئه‌وه‌یه كه "بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان خراپه و هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی دارایی نه‌ماوه‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ناتوانێت بوودجه و مووچه دابین بكات".
وه‌ك له راگه‌یێنراوێكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگادا هاتووه "بارودۆخ و ئابووری هاووڵاتیان و فه‌رمانبه‌ران زۆر خراپ بووه‌و هه‌رێمی كوردستانیش هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی دارایی نه‌ماوه‌و ناتوانێت بودجه و مووچه دابین بكات، بۆیه داوای كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی ده‌كه‌ن".
غالب محه‌مه‌د عه‌لی، سه‌رۆكی لیستی گۆڕان له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته داوای له لیستی گۆڕان و یه‌كێتی له ئه‌نجوومه‌نه‌كه كردووه تا پشتیوانی له دانیشتنێكی نائاسایی بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌جیا وه‌ك پارێزگایه‌ك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌ن".
جگه له‌وه گۆڕان داوایكردووه، به‌هۆی بڕین و پاشه‌كه‌وتكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی سلێمانی، له دادگای ئیداری به‌غدا سكاڵا له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش تۆمار بكرێت و له‌و كۆبوونه‌وه نائاساییه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌ی سلێمانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق بكرێت".