لەلایەن چەكدارانی حەشدی شەعبی شەھیدكرا
دوای سێ رۆژ تەرمی ئەحمەد لە نێو ماڵ دۆزرایەوە
K24 - ھەولێر
ئەحمەد وەك ھەر ھاوسەنگەرەكانی دەسەڵاتی میلشیای حەشدی شەعبی رەتكردەوە و نەیدەویست لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا بژیت، بۆیە بەرگری لە خاك و نیشتمان كرد و رۆژی 20/10/2017 لە نزیك پردێ شەھیدكرا.
شەھید ئەحمەد ئەلھام نەجات، ناوسراو بە (ئەحمەد پردێ) لە دایكبووی ساڵی 1989 دانیشتووی شارۆچكەی پردێی سەر بە كەركووك بوو، ئەو لە یەكەی 80 پێشمەرگە بوو، لە شەڕەكەی پردێ دژ بە چەكدارانی حەشد، لەكاتی بەرگری كردن لە شارۆچكەكەی بۆ ئەوەی نەكەوێتە دەست چەكدارانی حەشدی شەعبی شەھیدكرا.
بە گوتەی كەسە نزیكەكانی ئەحمەد، دوای سێ رۆژ شەھیدبوونی، كە بەھۆی بارودۆخی ئەمنی نەتوانرا تەرمەكەی بگەڕێندرێتەوە پردێ، دوێنێ 22 ئەم مانگە لە شارەدێی دارەتوو تەرمەكەی بە خاكسپێردرا.
كەسوكاری ئاماژەش بۆ ئەوە دەكەن تا ئێستا پرسەیان بۆ شەھید ئەحمەد دانەناوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان ئەو كاتەی ئەحمەد شەھید بوو ھاوسەر و منداڵەكانی بەھۆی بوونی شەڕ لەنێو پردێ چووبوونە لای كەسوكاریان لە كەركووك، ئەحمەد دوو منداڵی دوای خۆی جێھێشتووە و ھاوسەرەكەی دووگیانە، ئەو بە ئومێدوە چاوەڕێ بوو مانگی داھاتوو منداڵێكی دیكەیان بێتە دونیا، لێ چەكدارانی حەشدی شەعبی بە شەھیدكردنی خەون و ئاواتی ئەحمەد و ھاوسەرەكەیان لەناوبرد.
ئەحمەد ئەلھام لە ساڵی 2005 پەیوەندی كردووە بە ریزەكانی پێشمەرگە و تا رۆژی شەھیدبوونی لە چەندین شوێن ئەركی پێشمەرگایەتی پێسپێردراوە.








