حكومەتی عێراق كاندیدی یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركووك رەتدەكاتەوە
"بەرپرسێكی بەغدا بیانووی جیاجیا دەدۆزێتەوە"
K24 - ھەولێر
حکومەتی عێراق رەتیدەکاتەوە رزگار عەلی، کاندیدی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بکاتە پارێزگاری کەرکووك.
ئارێز عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان 24 راگەیاند، رێککەوتنێك لە نێوان یەکێتی و بەغدا هەبووە بۆ دانانی رزگار عەلی، لە پۆستی پارێزگاری کەرکووك، بەڵام رێککەوتنەکە کێشەی تێکەوتووە و بەغدا داوای کردووە، یەکێتیی ناوی سێ کاندید بنێرێت بۆ ئەوەی یەکێکیان دەستنیشان بکرێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، کاندیدی یەکێتیی رزگار عەلییە و بەغداش بە بیانووی جیاجیا رازی نییە پۆستەکە بداتەوە بە یەکێتی.
ھەروەھا ئارێز عەبدوڵڵا نەیشاردەوە، مەترسی دانانی حاکمێك بۆ پارێزگای کەرکووك لە ئارادایە کە راستەوخۆ لە بەغداوە دابندرێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووك ناتوانێت کۆببێتەوە.