بارزانی بهبۆنهی كۆچی دوایی عهلی عهبدوڵڵا پهیامێكی ماتهمینی راگهیاند
بارزانی: كاك عەلی عەبدوڵڵا مامۆستای كوردایەتی و پارتایەتی و بۆ شەخسی من وەك برا گەورە و مامۆستای شۆڕشگێڕی بووە
K24 - ههولێر:
مهسعوود بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان، بهبۆنهی كۆچی دوایی عهلی عهبدوڵڵا، یهكێك له دامهزرێنهران و جێگری پێشووی سهرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، پهیامێكی ماتهمینی راگهیاند.
له پهیامهكهدا دهڵێت: " بەداخەوە هەواڵی كۆچی دوایی تێكۆشەر و خەباتگێڕی گەلەكەمان و یەكێك لە دامەزرێنەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان مامۆستا عەلی عەبدوڵڵام پێ گەییشت. كاك عەلی عەبدوڵڵا مامۆستای كوردایەتی و پارتایەتی و بۆ شەخسی من وەك برا گەورە و مامۆستای شۆڕشگێڕی بووە".
ههروهها ئاماژهی بهوهكردووه كه "زۆر خەمبارین بە لەدەستدانی پیاوێكی خەباتگێڕی وەك مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا و جێگەی دەستی لە كاروانی خەبات و كوردایەتیی گەلەكەمان دیارە و بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە. بەم بۆنە خەمناكەوە سەرەخۆشی لە خۆم و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەموو گەلی كوردستان دەكەم. لە خودای مەزن داواكارم خواڵێخۆشبوو مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەكمان ببەخشێت".
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ عەلی عەبدوڵڵا، یەكێك لە دامەزرێنەرە سەرەكییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە نەخۆشخانەیەكی ھەولێر كۆچی دواییكرد.
بە گوێرەی زانیارییەكان ئەمڕۆ تەرمی عەلی عەبدوڵڵا بە خاك ناسپێردرێت چاوەڕێ دەكرێت تا كەسوكاری لە دەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە كوردستان.
عەلی عەبدوڵڵا، جێگری پێشووی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، یەكێك بوو لە تێكۆشەرانی كوردستان كە زۆربەی تەمەنی بە گەل و نیشتمانی بەخشیووە.
ژیاننامەی عەلی عەبدوڵڵا
عەلی عەبدوڵڵا ئەمین ساڵی 1926 لە کۆیە لەدایکبووە
دەرچووی بەشی بیناسازی کۆلێژی ئەندازیاری بەغدا
1943 یەکێك لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی میللەت بووە
1944 ئەندامی یەکێتی تێکۆشین بووە
1945 بووەتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شۆڕش
1946 یەکێك لە دامەزرێنەران و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کورد (کۆنگرەی یەکەم)
1950 ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کورد (کۆنفرانسی کۆیە)
1951 لەبەر خەباتی سیاسی بۆ ماوەیەک دوورخراوەتە بۆ شاری موسڵ
1953 ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان - عێراق (کۆنگرەی سێیەم)
1956 -1957 ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی یەکگرتووی کوردستان
1958 یەکەمین بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان
1959 ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان - عێراق
1960 ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری قۆناخی ئاشکرای پارتی دیموکراتی کوردستان و بووەتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی (کۆنگرەی پێنج)
1966 ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان (کۆنگرەی حەوت)
1970 سەرنووسەری رۆژنامەی برایەتی و خاوەنی ئیمتیازی خولی دووەمی رۆژنامەی خەبات بووە
1970 ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان (کۆنگرەی هەشتەم)
3/2/1971 - 1/3/1974 بووەتە پارێزگاری سلێمانی
1974 بەرپرسی ئەمانەتی گشتی ئابووری شۆڕشی ئەیلول
1976 ئەندامی سەرکردایەتی کاتی پارتی دیموکراتی کوردستان
1979 سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان (کۆنگرەی نۆیەم)
1989 جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان (کۆنگرەی دەیەم)
1993 جیگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان - یەکگرتوو (کۆنگرەی یازدە)
1999 جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان (کۆنگرەی دوازدە)
25/9/2017 بەشداری لە پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان
24/10/2017 لە یەکێك لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.