ئاژانسێكی ئێرانی: عێراق قه‌رزداری ئه‌م 5 ژنه‌یه
هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، سروه عه‌بدولوه‌هاب و ئاڵا تاڵه‌بانی ده‌بنه سه‌رقافڵه‌ی پارێزه‌رانی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق
K24 - هه‌ولێر:
وێبسایتی "جام كوردی"ی ئێرانی، كه سایتێكی هه‌واڵییه و سوپای پاسداران و ئیتڵاعات به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، بڵاویكردووه‌ته‌وه، عێراق قه‌رزداری 5 ژنه كه رۆڵییان له پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی وڵات هه‌بووه، سێ له‌و ژنانه‌ش كوردن.
وه‌ك ئه‌و راپۆرته‌ی "جام كوردی" بڵاویكردووه‌ته‌وه، هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، له پله‌ی یه‌كه‌می ئه‌و ژنانه دێن، كه رۆڵیان له پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق هه‌بووه.
دوای ئه‌ویش هه‌ریه‌ك له سروه عه‌بدولواحید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی به‌غدا به دووه‌م و ئاڵا تاڵه‌بانی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له فراكسیۆنی یه‌كێتی به سێیه‌م دێت.
ئه‌و سایته ئێرانییه له باره‌ی سروه عه‌بدولواحید نووسیویه‌تی: "سروه عه‌بدولواحید ئه‌ندامی پارله‌مانی عێراق له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به دووه‌م ژنه کاریگه‌ری ئه‌م پرسه داده‌نرێت که به هۆی دژایه‌تی سیاسه‌ته‌کانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان له ئاستی عێراق به ژنه تێکۆشه‌رێک ناو ده‌برێت".
سه‌باره‌ت به ئاڵا تاڵه‌بانیش نووسیویه‌تی: "له‌و ژنانه‌یه که له پرسی ڕیفراندۆم و دابه‌شبوونی عێراق به ڕاشکاوانه پاڵپشتیی له پاراستنی یه‌کپارچه‌یی خاکی ئه‌م وڵاته کرد".
وێبسایته ئێرانییه‌كه، هه‌ریه‌كه له حه‌نان فه‌تلاوی و عالیه نوسێف له چواره‌م و پێنجه‌می لیسته‌كه داناون، كه هه‌ردووكیان په‌رله‌مانتاری عه‌ره‌بن و شیعه‌ن.
به‌م شێوه‌یه‌ش هه‌ریه‌ك له هێرۆ ئیراهیم ئه‌حمه‌د، سروه عه‌بدولوه‌هاب و ئاڵا تاڵه‌بانی، بوونه‌ته سه‌رقافڵه‌ی پارێزه‌رانی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق.