راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا: ئێران كێشه‌كانی ناو یه‌كێتی دژی ریفراندۆم قۆسته‌وه
ماكماسته‌ر: رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئێران و ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی له ناوچه‌كه، له كاره هه‌ره له‌پێشینه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایه
K24 - هه‌ولێر:
جه‌نه‌راڵ ئێچ ئاڕ ماكماسته‌ر، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا، له یه‌كه‌م دیداریدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "الحرة" ده‌ڵێت: "ئیرانییه‌كان دابه‌شبوونی ناوخۆی كورده‌كانیان له‌سه‌ر حیسابی ئاسایش و سه‌قامگیریی عێراق قۆستووه‌ته‌وه".
ماكماسته‌ر ده‌ڵێت: "ئیران ئه‌و دابه‌شبوونه‌ی ناو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ناو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی پاش كۆچی دوایی جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆككۆماری پێشووی عێراق قۆستووه‌ته‌وه و ئێرانییه‌كان رۆڵێكی گرنگیان پاش ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ناو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بینیووه و ئه‌و دابه‌شبوونه‌یان بۆ تێپه‌ڕاندنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان به‌كارهێناوه".
ماكماسته‌ر ده‌ڵێت: "له هه‌ر شوێنیك كێشه هه‌بێت و له نێوان كۆمه‌ڵگاكاندا فیتنه درووست بێت و توندوتیژی په‌ره‌بسینێ و وێرانكاریی بێته كایه‌وه، ده‌ستی سوپای پاسدارانی ئێران له‌و شوێنانه ده‌بینیت".
به‌م قسانه‌ی، جه‌نه‌راڵ ئێچ ئاڕ مه‌كماسته‌ر، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا كرۆكی رۆڵی خراپی ئێرانی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خسته‌ڕوو، پێش ئه‌وه‌ی كرده‌وه‌كانی ئێران له عێراق و سووریا و یه‌مه‌ن و لوبنان ده‌ستنیشان بكات.
ماكماسته‌ر، ته‌ئكیدی كردووه‌ته‌وه، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئێران و ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی له ناوچه‌كه، له كاره هه‌ره پێشینه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایه.