پێشمەرگە شكستی بە دوو ھێرشی حەشدی شەعبی ھێنا
حەشدی شەعبی و سوپای عێراق ھێرش دەكەنە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە
K24 - ھەولێر
پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ حەشدی شەعبی بۆردوومانی پێشمەرگەیان لە ناوچەی سحێلای باكووری شارۆچكەی زومار لە رۆژئاوای دیجلەی كردووە و دەستییان بە ھێرشكردن كردووە".
پەیامنێرمان راشیگەیاند: "پێشمەرگە لە گوندەكانی بەردیە و حەمەد ئاغا زیانێكی زۆریان بە چەكدارانی حەشدی شەعبی گەیاندووە".
ئاشكرای كرد: "پێشمەرگە لە ھەردوو گوندی جرونیێ و عەین عوزێر پاشەكشەی بە چەكدارانی حەشدی شەعبی كردووە و پێشمەرگە ژمارەیەك تانك و زرێپۆشی حەشدی تێكشكاندووە".
پێشتر، ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا، دۆخەكەی بە مەترسیدار ناوبردووە و داواشی لە حكومەتی بەغدا كردووە، دەستپێشخەرییەكی ھەرێمی كوردستان قبوڵ بكات و دەست بكرێت بە ئەنجامدانی گفتوگۆی بێمەرج".
ھەروەھا ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە كە ئەم جوڵە سەربازییانە ھەول دەداتە ئێران بۆ زیاتر فراوانكردنی ھەژموونی خۆی و تێكدانی دۆخی سەقامگیری لە ھەرێمی كوردستان.