ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا: پشتگیری ھەرێمی كوردستان دەكەین

"زۆر نیگەرانین بەشداری ئێران لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دواییەدا بە پێشێلکاری ترسناك لەنێویاندا کوشتنی ئەمریکییەکان"

K24 - ھەولێر

پۆڵ رایان، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا لە پەیامێكدا كە واژووی ژمارەیەك ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەسەرەوەیە پشتگیری بۆ ھەرێمی كوردستان دەردەبڕێت و رایدەگەیەنێت، دەبێ بەغدا دەستپێشخەری حكومەتی ھەرێمی كوردستان قبووڵ بکات و شەڕ رابگرێت و گفتوگۆ لە نێوان ھەولێر و بەغدا دەست پێبكات.

پۆڵ رایان،  لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "ئێمە پێشوازی لەو دەستپێشخەرییەی کورد دەکەین کە پێشنیازیان کردووە ئەنجامی ریفراندۆم دوابخەن لە بەرامبەردا شەڕ رابگیرێ و گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی ناوەندی دەست پێبکات، پێویستە بەغدا ئەو دەستپێشخەرییە قبوڵ بکات و بچێتە نێو گفتوگۆیەکی مانادار کە تێیدا باس لە نیگەرانییە درێژخایەنەکانی کورد بکرێت".

لەو بەیاننامەیەدا كە كە واژووی پۆڵ رایان، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكای بەسەرەوەیە كە پێكھاتوون لە دێڤین نونێس، سەرۆکی لیژنەی هەواڵگری (کۆماری)، ئید رۆیس، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە (کۆماری)، ماك سۆرنبێری، سەرۆکی لیژنەی خزمەتگواری سەربازیی (کۆماری)، تێیدا ئەوە خراوەتەڕوو: "پێکدادانی ئێستای نێوان هێزەکانی سەر بە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی لاوازکردنی هەوڵە چڕەکانی شەڕی دژی داعش، هاوکات هەڕەشەیە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە عێراق بخاتەوە نێو شەڕی مەزهەبی. ئەو خوێنڕشتنە دەبێ دەستبەجێ رابگیرێت. ئێمە پشتگیری عێراقێکی یەکگرتوو دەکەین بە سەرۆکایەتیی حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا، هەروەها پشتگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین".

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا ھاتووە: "ئێمە پێشوازی لەو دەستپێشخەرییەی کورد دەکەین کە ئەمڕۆ پێشنیازیان کردووە ئەنجامی گشتپرسییەکەیان دوابخەن لە بەرامبەردا شەڕ رابگیرێ و گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی ناوەندی دەستپێبکات. پێویستە بەغدا ئەو دەستپێشخەرییە قبوڵ بکات و بچێتە نێو گفتوگۆیەکی مانادار کە تێیدا باس لە نیگەرانییە درێژخایەنەکانی کورد بکرێ لەبارەی ئۆتۆنۆمی، دابەشکردنی بودجە و داهاتی نەوت. لە هەمانکاتدا، گرنگە حکومەتی عێراق بە وریایی نیگەرانییەکانی رێکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وەربگرێ لەبارەی رۆڵ و چالاکی میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران، ئێمە زۆر نیگەرانین لەبارەی بەشداری ئێران لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دواییەدا، ئەو هێزانە تۆمەتبارن بە پێشێلکاری ترسناك، لەنێویاندا کوشتنی ئەمریکییەکان، ئەوان نابێ هیچ رۆڵێکیان نابێ لە عێراقێکی ئارام، یەکگرتوو و سەقامگیردا".