لەبارەی كردنەوەی دەروازە سنوورییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران روونكردنەوە دەدرێت
ماوەی 10 رۆژە ئێران دەروازە سنوورییەكانی داخستووە
K24 - ھەولێر
بەگوێرەی زانیارییەكان بڕیارە ئەمڕۆ دەروازەی سنووری باشماخ بكرێتەوە، سەرپەرشتیساری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانیش ئاشكرای دەكات، تائێستا ھیچ نووسراو و بڕیارێكیان لەبارەی كردنەوەی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران پێنەگەیشتووە.
مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بە كوردستان24 راگەیاند: "تا ئێستا ھیچ بڕیارێكی فەرمی و نافەرمیمان بۆ نەھاتووە بۆ كردنەوەی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران لەلایەن ئێران".
گوتیشی: "پەیوەندیمان بە مەرزی تەمەرچیان كردووە، ئەوانیش گوتیان ھیچ شتێكمان بۆ نەھاتووە لەبارەی كردنەوەی دەرەوازە و دەست پێكردنەوەی ھاتن و چوونی بارزگانی و گەشتیاری".
لەبارەی كردنەوەی دەروازەی سنووری پەروێزخان، ئارام سایەخان، بەرپرسی راگەیاندنی دەروازەی پەروێزخان بە كوردستان24 راگەیاند: "تا ئەم كاتە ھیچ شتێكی فەرمی نییە بۆ كردنەوەی دەروازەكە".
بەگوێرەی زانیاری پەیامنێرمان لە گەرمیان: "بەرپرسانی ئێران بەڵێنیانداوە لە چەند رۆژی داھاتوودا مەرزی پەروێزخانیش بكەنەوە".
میدیاكانی ئێران لە زاری کونسوڵگەری ئێران لە هەولێر بڵاویانكردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە دەروازەی سنووری باشماخ دەکرێتەوە.
ماوەی 10 رۆژە ئێران لەسەر داوای حكومەتی عێراق دەروازە سنوورییەكانی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان داخستووە، ئەمەش زیانی بە بازرگان و ھاووڵاتیانی ھەردوولا گەیاندووە.