حكومه‌تی عێراق پاداشتی راده‌ستكه‌رانی كه‌ركووك ناداته‌وه
"ئه‌وانه‌ی رێككه‌وتنیان بۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانی شاره‌كه كرد، ناتوانن له كه‌ركووكیش كۆبوونه‌وه‌كانیان بكه‌ن"
K24 - هه‌ولێر:
دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی رێككه‌وتنێكی ژێربه‌ژێری باڵێكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، به چاودێری ئێران پارێزگای كه‌ركووك، راده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق كرا، ئه‌و به‌رپرسانه‌ی به‌شداریی ئه‌و رێككه‌وتنه نهێنییه‌یان كرد، چاوه‌ڕوان بوون، له بری راده‌ستكردنی شاره‌كه به حكومه‌تی عێراق، پاداشتیان بدرێته‌وه، به‌ڵام تا ئیستا هیچ ئاماژه‌یه‌ك نییه كه ئه‌و گرووپه به خه‌ونه‌كانیان بگه‌یه‌نێت.
ئه‌و كه‌سه‌شی كه له‌لایه‌ن ئه‌و گرووپه‌وه وه‌ك كاندیدی پارێزگاری كه‌ركووك ناسێنرا، تا ئێستا ئه‌و پۆسته‌ی نه‌دراوه‌تێ و ئه‌و رێككه‌وتنه ناڕوونه‌ی كردوویانه جێبه‌جێ نه‌كراوه.
رزگار عه‌لی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كه وه‌ك جێگره‌وه‌ی نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری كه‌ركووك ناسێنرا، هێشتا نه‌یتوانیوه ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێت و له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ هه‌فته‌نامه‌ی "ژیان" كه نزیكه له لاهوور شێخ جه‌نگی، یه‌كێك له ئه‌ندامانی ئه‌و گرووپه‌ی رێككه‌وتنه نهێنییه‌كه‌یان ئه‌نجامدا ده‌ڵێت: "كێشه‌كه له‌ناو ئه‌نجوومه‌نی پارێزگایه و ژماره‌ی یاسایی پێویستی به 21 كه‌سه، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ندێك كێشه‌وه ئه‌و رێژه‌یه كۆناكرێته‌وه، هه‌ندێك له ئه‌ندامانی لیستی برایه‌تی كه‌ركووك كه ژماره‌یا‌ن له‌نێوان 15 بۆ 16 كه‌س ده‌بێت چوونه‌ته هه‌ولێر. توركمانه‌كانیش لای خۆیانه‌وه زیاتر له 3 كاندیدیان بۆ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك هه‌یه".
رزگار عه‌لی ده‌ڵێت: "به‌ڵێ من كاندیدی ئه‌و پۆسته‌م، به‌ڵام كێشه هه‌یه و یه‌كێتی له به‌غداو ئێمه‌ش له كه‌ركووك سه‌رقاڵی چاره‌سه‌ركردنیانین و تا چاره‌سه‌ر نه‌بێت ده‌ست به كار نابم".
به‌ڵام ره‌وشی كه‌ركووك جیاوازه له‌وه‌ی سه‌ره‌تا باڵی رێككه‌وتنه ژێربه‌ژێره‌كه باسیان ده‌كرد، به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری كه‌ركووك، ئه‌و كه‌سانه گه‌یشتوونه‌ته دۆخێك، ناتوانن ته‌نانه‌ت له كه‌ركووك كۆبوونه‌وه‌كانیشیان بكه‌ن و ده‌چنه قه‌ره‌هه‌نجیر كۆده‌بنه‌وه".
هه‌روه‌ها بارودۆخی پارێزگاكه به‌شێوه‌یه‌ك گۆڕاوه، هیچ ده‌سه‌ڵاتێك له ده‌ست ئه‌و گرووپه‌دا نه‌ماوه‌و ئێستا رۆژانه حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق، خه‌ریكی ره‌شبگیرین و چه‌ندین گه‌نج و لاوی شاره‌كه‌یان ده‌ستگیركردووه‌و پێشێلكاری و سووتاندن و تاڵانكردنی ماڵی كورده‌كانی خورماتووش به‌رده‌وامه".
كار گه‌یشتووه‌ته ئاستێك، یه‌كێتی له كه‌ركووك ناتوانێت ئاڵای خۆی و ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر باره‌گا یان ناو باره‌گاكانیشیدا دابنێت و به ته‌واوه‌تی په‌راوێزخراون، بۆیه به‌گوێره‌یئه‌و ره‌وشه بێت، چاوه‌ڕوانی ئه‌و گرووپه بۆ چنینه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانی پاش رێككه‌وتنه‌كه وه‌ك خه‌ونێك ده‌مێنێته‌وه.
جیا له‌وه‌ش له‌سه‌ره‌تای رووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ره‌وه، میدیاكانی ئه‌و باڵه و میدیاكانی نزیك له یه‌كێتی و گۆڕانیش، به شان و باڵی پێدانی مووچه‌یاندا هه‌ڵده‌گووت كه بڕیاره له‌لایه‌ن به‌غداوه به سلێمانی بدرێت، به‌ڵام به‌غدا هیچ وه‌ڵامێكی نه‌داونه‌ته‌وه‌و پێده‌چێت له‌و رووه‌شه‌وه ده‌ستیان له بنی هه‌مبانه‌كه‌وه ده‌رچێت.
هێشتا ئه‌وانه‌ی رێككه‌وتنه ژێربه‌ژێره‌كه‌یان له‌گه‌ڵ قاسم سوله‌یمانی و حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق ئه‌نجامداوه، ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یان بۆ خه‌ڵكی ئاشكرا نه‌كردووه و له‌ماوه‌ی رابردووش‌دا ته‌نها قسه‌كانیان بۆ به‌خشینه‌وه‌ی تۆمه‌ت به‌رامبه‌ر به نه‌یاره‌كانیان ته‌رخان كردووه، به‌ڵام له‌سه‌ر زه‌وی نه‌یانتوانیوه به‌رهه‌می رێككه‌وتنه‌كه‌یان بچننه‌وه‌و ته‌نانه‌ت به‌گوێره‌ی ئه‌و ڤیدیۆ و وێنانه‌ی بڵاوكراونه‌ته‌وه، ئه‌و باڵه نه‌یانتوانیوه له رێككه‌وتنه‌كه‌یاندا وێنه‌ی پێشمه‌رگه شه‌هیده‌كانی كوردستان، كه له پێناو پاراستنی ئه‌و پارێزگایه گیانی خۆیان به‌ختكرد بپارێزن و له‌لایه‌ن هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه لێكرانه‌وه‌و سوكایه‌تیان پێكراوه.