ھەولێر و بەغدا لەسەر چەند خاڵێك رێك دەكەون

كوردستان24 زانیاری لەبارەی كۆبوونەوە شاندی سەربازی ھەولێر و بەغدا بڵاودەكاتەوە

K24 - ھەولێر

بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، ھەولێر و بەغدا لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتوون، وەکو بنەما لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە هێڵی نێوان هەردوولا سنووری ئیداریی هەرێمی کوردستانە.

لە کۆبوونەوەی دوێنێ هەردوو شاندی سەربازی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی وەکو بنەما لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە هێڵی نێوان هەردوولا سنووری ئیداریی هەرێمی کوردستانە.

کوردستان24 لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداراوە زانیاری لەبارەی دووەمین کۆبوونەوەی شاندی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەسکەوتووە، بەپێی زانیارییەکان، ئەو ناوچانەی کە دەکەونە دەرەوەی سنووری ئیدارەی هەرێمی کوردستان و ئێستا لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانن وەکو ناوچەکانی مەحمودیە، سحێلا، فایدە، شێخان، ئەلقۆش، گوێڕ، مەقلوب و خازر، هێزێکی هاوبەش  پێکبهێندرێت و ئاسایشی ئەو ناوچانەیان لە دەست بێت و بە هاوبەشی لە نێوان هەردوولا ئیدارەیان بکرێت.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 لەبارەی دەروازەی سنووری پێشخابوور، هەردوولا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێک کە هێزێکی پاسەوانی سنووری عێراق و هیزێکی پێشمەرگە و هیزێکی ئەمریکا بەیەکەوە لەو ناوچەیە بن.

لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان، کوردستان24 زانیوویەتی، کە شاندی هەردوولا پرسەکەیان داوەتە دەست وەزارەتەکانی ناوخۆ و دارایی، بۆ ئەوەی هەردوولا لە چوارچێوەی دەستوور ئەو پرسەی نێوانیان یەکلابکەنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، هیچ جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ گەیشتن بەو رێککەتنە نەکراوە و ناکرێت، رێککەوتنەکە لەنێوان شاندی سەربازی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە.