عه‌ميد سه‌رحه‌د قادر به‌ بڕيارێكى وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق لادرا

له‌ دواى خيانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، حكومه‌تى عێراق زنجيره‌يه‌ك بڕيارى يه‌ك له‌ دواى يه‌كى بۆ ته‌عريب كردن و گۆڕينى ديموگرافياى كه‌ركووك و نه‌هێشتنى رۆڵى كورد له‌ شاره‌كه‌ ده‌ركردووه

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق بڕياريدا عه‌قيد فه‌تاح مه‌حمود ياسين خه‌فاجى، بكاته‌ به‌ڕێوبه‌رى پۆليسى قه‌زا و ناحييه‌كانى كه‌ركووك، له‌ برى عه‌ميد سه‌رحه‌د قادر.

دواى داگيركردنى كه‌ركووك له‌ لايه‌ن حه‌شد و سوپاى عێراقه‌وه‌ به‌ هۆى خيانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، حكومه‌تى عێراق زنجيره‌يه‌ك بڕيارى يه‌ك له‌ دواى يه‌كى بۆ ته‌عريب كردن و گۆڕينى ديموگرافياى كه‌ركووك و نه‌هێشتنى رۆڵى كورد له‌ شاره‌كه‌ ده‌ركردووه‌.

له‌ نوێترين بڕياريشيدا حكومه‌تى عه‌بادى ئه‌فسه‌رێكى عه‌قيد فه‌تاح مه‌حموود ياسينى سه‌ر به‌ هۆزى خه‌فاجى كه‌ له‌ پارێزگاكانى ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراق نيشته‌جێن، كرده‌ به‌ڕێوبه‌رى پۆليسى قه‌زا و ناحييه‌كانى كه‌ركووك.

پێشتر ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ عه‌ره‌به‌، به‌ڕێوبه‌رى پۆليسى قه‌زاى حه‌ويجه‌ بووه‌ و تۆمه‌تبار كراوه‌ به‌ په‌نادانى 150 چه‌كدارى داعش له‌ سنوورى قه‌زاكه‌دا، وه‌ك ئه‌وه‌ى سايتى سكاى پرێس به‌ڵگه‌كانى تێوه‌گلانى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، وه‌زاره‌تى ناوخۆ موقه‌ده‌م قه‌يسه‌ر محه‌ممه‌د حه‌سه‌ن جبورى، كرده‌ به‌ڕێوبه‌رى پۆليسى حه‌ويجه‌.

له‌ 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، حكومه‌تى عه‌بادى چه‌ندين به‌رپرس و به‌ڕێوبه‌رى كوردى كه‌ركووكى له‌ پۆسته‌كانيان دوورخستووه‌ته‌وه‌ و له‌ جێگه‌ى ئه‌وان كه‌سانى سه‌ر به‌ هۆزه‌ عه‌ره‌بى و شيعه‌ مه‌زهه‌به‌كانى باشوورى عێراق و توركمانه‌ شيعه‌كانى سنوورى كه‌ركووكى له‌ جێگه‌يان دامه‌زراندووه‌.

موقه‌ده‌م قه‌يسه‌ر محه‌ممه‌د حه‌سه‌ن جبورى له‌ ده‌سته‌راست و عه‌قيد فه‌تاح خه‌فاجى له‌ ناوه‌ڕاسته‌
موقه‌ده‌م قه‌يسه‌ر محه‌ممه‌د حه‌سه‌ن جبورى له‌ ده‌سته‌راست و عه‌قيد فه‌تاح خه‌فاجى له‌ ناوه‌ڕاسته‌