جۆن مەککین ستایشی بڕیارەکەی سەرۆك بارزانی دەکات
بەردەوام دەبین لە پاڵپشتی کردنی کوردستان
K24 - ھەولێر
سێناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکا جۆن مەککین، ستایشی بڕیاری سەرۆك بارزانی دەکات بۆ وازهێنان لە دەسەڵات.
لە بەیاننامەیەکدا مەککین دەڵێت، بارزانی وەك دەوڵەتمەدارێکی بوێر بڕیاری داوە و پێگەی خۆی بۆ خزمەت بە خەڵکەکەی بەکار هێناوە، هیواش دەخوازێت گواستنەوەی دەسەڵات ببێتە هۆی چارەسەر کردنی گرژییە بەردەوامەکان و رێخۆشکەر بێت بۆ هەڵبژاردنێکی رێکو پێك لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی.
ئاماژەشی بەوەدا، بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی گفتگۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا و پاراستنی کوردستان لەدژی ئەو هێڕشانەی بەهاوکاریی دراوسێکان دەکرێتە سەریان.
مەکكین هەروەها دەڵێت، بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی کوردستان لەشەڕی ئەو هێزانەی دەیانەوێت ناسەقامگیری لە کوردستان درووست بکەن.
دەشڵێت، خەڵکی هەرێمی کوردستان دۆستی راستەقینەی ئێمەن و شایانی ئەوەن لەم کاتە سەختانەدا ئەمریکا پشتیوانییان لێ بکات.