یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان پۆستى پارێزگارى کەرکووك یەکلایی دەکاتەوە
"یەکگرتوو دەچێتەوە دانیشتنەکانى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکووك"
K24 - ھەولێر
جوان حەسەن، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکووك لەسەر لیستى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان بە کوردستان24 راگەیاند: "ئێمە وەك دوو ئەندامى یەکگرتووى ئیسلامى بڕیاریمانداوە بەشدارى کۆبوونەوەکانى ئەنجومەن بکەین بۆ ئەوەى پۆستى پارێزگارى کەرکووك بدرێت بەکوردێك و یەکلاى بکەینەوە".
گوتیشى: "ئەگەر ئێمە ئەو پۆستە بۆ کورد یەکلایى نەکەینەوە ئەوە بەغدا بڕیاریداوە کە حاکمێکى سەربازى بۆ کەرکووك دابنێت، بەمەش مەترسى دەکەوێتە سەر دۆخى شارەکە، بەشدارى کردنى ئێمەش لەدانیشتنەکان هەر بۆ ئەو مەبەستەیە و نامانەوێت پۆستەکە لەدەست کورد دەربچێت".
لەبارەى بەشدارى کردنیان لەدانیشتنەکانى دیکە، ئەو ئەندامەى ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك باسی لەوە کرد کە تا ئێستا بڕیاریان بەو شێوەیە کە تەنها بەشدارى دانیشتنى ئەنجومەن بکەن، بۆ یەکلاى کردنەوەى پۆستى پارێزگارى کەرکووك بەکاندیدەکەى یەکێتى".
ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە 41 ئەندام پێکهاتووە، بۆ دەستپێکردنى دانیشتنەکانى ئەنجومەنیش دەبێت 21 ئەندام لە نێو هۆڵەکە ئامادەبن، بەڵام تا ئێستا یەکێتى لەگەڵ تورکمانەکان و مەسیحیەکان توانیان 20 ئەندام کۆبکەنەوە، بە بەشدارى کردنى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستانیش لەدانیشتنەکان رێژەى یاسایى دانیشتنەکان تەواو دەبێت.
بەپێ زانیارییەکانى کوردستان24 یەکێتیى نیشتیمانى کوردستان، بەڵێنى بە تورکمانەکانداوە لەبەرامبەر بەشدارى کردنیان لەدانیشتنەکانى ئەنجومەن و دەنگدانیان بە پۆستى پارێزگارى کەرکووك، ئەوە پۆستى سەرۆکى ئەنجومەنیان پێدەدەن کە ئێستا لاى کوردێکە، تورکمانەکانیش بەو داوایە قایل بوونە.
ئەمە لەكاتێكدایە یەکێتى نیشتیمانى کوردستان، رزگار عەلى ئەندامى مەکتەبى سیاسى حزبەکەى کاندیدکردووە بۆ وەرگرتنى پۆستى پارێزگارى کەرکووك، بەپێ رێکارە یاساییەکان دەبێت سەرەتا لەنێو هۆڵى ئەنجومەنەوە دەنگی لەسەر بدرێت و دواتر ناوەکەى رەوانەى بەغدا بکرێت.