په‌رله‌مانی كوردستان بڕیاری راگرتنی په‌خشی كوردستان 24 و كه‌ناڵه‌ كوردییه‌كان ره‌تده‌كاته‌وه‌

بڕیاره‌كه‌ی ده‌سته‌ی گه‌یاندن و راگه‌یاندنی عێراقی ناده‌ستوورییه‌

K24 - هه‌ولێر:

په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر بڕیاری ده‌سته‌ی راگه‌یاندن و گه‌یاندنی عێراقی له‌ دژی كوردستان 24 و كه‌ناڵه‌ كوردییه‌كان هاته‌ ده‌نگ و بڕیاری راگرتنی په‌خشی كه‌ناڵه‌ كوردییه‌كان ره‌تده‌كاته‌وه‌ و به‌ ناده‌ستووری وه‌سفی ده‌كات.

لێژنه‌ی رۆشنبیری و راگه‌یاندن و هونه‌ر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، كه‌ ئاراسته‌ی هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری، لێژنه‌ی رۆشنبیری په‌رله‌مانی عێراق، فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی رۆژنامه‌نووسان و لێژنه‌ی پاراستنی رۆژنامه‌نووسان و ته‌واوی رێكخراو و سه‌ندیكا و كۆمه‌ڵه‌كانی تایبه‌ت به‌ رۆژنامه‌وانی كردووه‌ و تێیدا، بڕیاری راگرتنی په‌خشی كوردستان 24 و كه‌ناڵه‌ كوردییه‌كان به‌ ناده‌ستووری وه‌سف ده‌كات.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی لێژنه‌ی رۆشنبیری په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌ریه‌ك له‌ كوردستان 24 و رووداو، به‌ گوێره‌ی یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان كارده‌كه‌ن و به‌ گوێره‌ی ماده‌ی 115ی ده‌ستووری عێراقیش، له‌ بوونی ناكۆكی یاسایی له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌ گوێره‌ی ده‌ستوور، ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ یاساكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، داواش له‌ ده‌سته‌ی راگه‌یاندن و گه‌یاندنی عێراق كراوه‌، پێداچوونه‌وه‌ به‌ بڕیاره‌كه‌یاندا بكه‌ن و ئازادی كاركردن له‌ ته‌واوی عێراق بۆ هه‌ردوو كه‌ناڵه‌كه‌ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.

دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و راده‌ستكردنی شاری كه‌ركووك به‌ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، حكوومه‌تی به‌غدا كاركردنی چه‌ند كه‌ناڵێكی كورد له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و ته‌واوی عێراق راگرت.

هاوكات هه‌ڕه‌شه‌ له‌ تیمه‌كانی كوردستان و 24 و په‌یامنێران كراوه‌ كه‌ جارێكی دیكه‌ بۆ ئه‌نجامدانی كاری میدیایی نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌.

راگه‌یه‌ندراوی لێژنه‌ی رۆشنبیری و راگه‌یاندن و هونه‌ر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان
راگه‌یه‌ندراوی لێژنه‌ی رۆشنبیری و راگه‌یاندن و هونه‌ر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان