پلانێكی هاوبه‌شی توركیا و عێراق له‌ دژی په‌كه‌كه‌ ئاشكرا ده‌كرێت

گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا: له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی رێككه‌وتووین

K24 - هه‌ولێر:

ئیبراهیم كالن، گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی توركیا، باسی رێككه‌وتنێكی نێوان وڵاته‌كه‌ی و حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، له‌ دژی پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه‌" ده‌كات و ده‌ڵێت له‌سه‌ر پلانێكی هاوبه‌ش رێككه‌وتووین".

گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 1/11/2017 رایگه‌یاند: "توركیا له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ریككه‌وتووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خاكی عێراق له‌ چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ پاككه‌نه‌وه‌، هه‌ر وه‌ك چۆن چه‌كدارانی داعشیان له‌ عێراق راماڵی".

به‌ڵام هیچ ورده‌كارییه‌كی دیكه‌ی له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ ئاشكرا نه‌كرد.

له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا نیگه‌رانی توركیای ده‌رباره‌ی بانگهێشتكردنی شاندی كوردی سووریا بۆ گفتووگۆكانی سوچی رووسیا ده‌ربڕی و گووتی: "توركیا به‌شداریی كورد له‌ دانووستانه‌كانی سوچی ره‌تده‌كاته‌وه‌".

هه‌روه‌ها گووتی: "بانگهێشتنامه‌كه‌ی رووسیا بۆ به‌شداریكردنی كورد له‌ دانووستانه‌كانی سوچی قبوڵكراو نییه‌".