شەهیدكردنی ئەركان شەریف نموونه‌ی فه‌رهه‌نگی شۆڤێنییه‌ته‌ كه‌ ‌بڕوای بە ئازادیی بیروڕا و ژیانی خەڵك نییە

سه‌رۆك بارزانی به‌بۆنه‌ی شه‌هیدكردنی رۆژنامه‌نووس ئه‌ركان شه‌ریف په‌یامێكی بلاوكرده‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك بارزانی، به‌بۆنه‌ی شه‌هیدكردنی رۆژنامه‌نووس "ئه‌ركان شه‌ریف" په‌یامیكی بڵاوكرده‌وه‌و رایگه‌یاندووه‌: "شەهیدكردنی رۆژنامەنووس ئەركان شەریف نموونەی زۆر روونی ئەو فەرهەنگە شۆڤێنیەیە كە بەزۆری چەك و بە ناحەق خۆی بەسەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەپاندووە، كە بەهیچ شێوەیەك بڕوای بە ئازادیی بیروڕا و ژیانی خەڵك نییە".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌دا ده‌ڵێت: "شەوی بیست و نۆ لەسەر سیی مانگی دەی دووهەزار و حەڤدە رۆژنامەنووس و وێنەگری كوردستان تیڤی ئەركان شەریف لە شارۆچكەی داقوق كە لە كۆنتڕۆڵی چەكدارانی حەشدی شەعبیە، بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە لە ماڵی خۆی لەلایەن كۆمەڵێك چەكداری دەمامكدار شەهیدكراوە".

بارزانی ده‌ڵێت: "بەرپرسیارێتی شەهیدكردنی ئەركان شەریف و ئازاردانی خەڵكی ئەو ناوچانە لەسەر شانی ئەو هێزانەیە كە بەشێوەیەكی نایاسایی و نادەستووری خۆیان بەسەر ناوچەكەدا سەپاندووە".

له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا، سەرخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و كەسوكاری شەهید ئەركان شەریف و هەموو رۆژنامەنووسانی كوردستان و ستاڤی تەلەفزیۆنی كوردستان تیڤی كردووه‌".

دەقی پەیامه‌كه‌

بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

شەوی 29 لەسەر 30 مانگی 10ـی 2017، ڕۆژنامەنووس و وێنەگری كوردستان تی ڤی، ئەركان شەریف، لە شارۆچكەی داقووق كە لە كۆنتڕۆڵی چەكدارانی حەشدی شەعبییە بە شێوەیەكی زۆر دڕندانە لە ماڵی خۆی لە لایەن كۆمەڵێك چەكداری دەمامكدارەوە شەهید كراوە.

شەهیدكردنی ڕۆژنامەنووس ئەركان شەریف نموونەی زۆر ڕوونی ئەو فەرهەنگە شۆڤینیەیە كە بەزۆری چەك و بە ناحەق خۆی بەسەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمدا سەپاندووە، كە بە هیچ شێوەیەك بڕوای بە ئازادیی بیروڕا و ژیانی خەڵك نییە، بەرپرسیارێتیی شەهیدكردنی ئەركان شەریف و ئازاردانی خەڵكی ئەو ناوچانە لەسەر شانی ئەو هێزانەیە كە بە شێوەیەكی نایاسایی و نادەستووری خۆیان بەسەر ناوچەكەدا سەپاندووە.

بەم بۆنە خەمناكەوە سەرخۆشیی خۆم ئاڕاستەی بنەماڵە و كەسوكاری شەهید ئەركان شەریف و هەموو ڕۆژنامەنووسانی كوردستان و ستاڤی تەلەڤزیۆنی كوردستان تی ڤی دەكەم.

سڵاو لە گیانی شەهید ئەركان شەریف و هەموو شەهیدانی كوردستان.

مەسعوود بارزانی

1ـی 11ـی 2017