لقی سلێمانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان له‌سه‌ر په‌لاماردانی تیمی كوردستان24 به‌یاننامه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌

"ژینگه‌ی میدیایی سلێمانی پاكه‌، تكایه‌ پیسی مه‌كه‌ن"

K24 - هه‌ولێر:

سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان داوا ده‌كه‌ن به‌ هێرشكردنه‌سه‌ر رۆژنامه‌نووسان، ژینگەی میدیایی سلێمانی پیSی مەكەن و له‌سه‌ر هه‌وڵی ئازاردانی تیمی كه‌ناڵی كوردستان24 له‌ سلێمانی به‌یاننامه‌یه‌كیان بلاوكردووه‌ته‌وه‌و رایانگه‌یاندووه‌: " ئەمڕۆ 1/11/2017 لەسەروبەندی ئەو خۆپیشاندانەی بۆ داواكاری مووچەو گێڕانەوەی مووچەكانی پێشوو كە گروپی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی ئەنجامیان دا، لەناو خۆپیشاندەرانەوە كۆمەڵێك خەڵكی قین لە دڵ و دوور لەخوڕەوشتی شارستانیانەی شاری سلێمانی و دەوروبەری، ویستیان ئازاری تیمی كەناڵی K24 بدەن، بەڵام خۆشبەختانە هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش كارمەندانی تیمەكەیان بە خۆیان و كەلوپەلیانەوە پاراستوەو خۆشبەختانە هیچ زیانێكی گیانی و ماددیان پێنەگەیشتووە".

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ده‌ڵێن: "بە پێویستی دەزانین بۆ سەرجەم تیمی كەناڵەكان و خەڵكی بەشەرەفی دەڤەرەكەمان روونبكەینەوە، كە سەلامەتی گیان و ماڵی تیمەكان لە ئەستۆی ئێمەو هێزەكانی ناوخۆ دان، بۆیە رێگە نادەین هیچ هاووڵاتیەك لەم سنوورە سوكایەتی بە تیمەكانی كەناڵەكان بكات، ئەوەش لە هەولێر و زاخۆ روویاندا رەفتاری نەشیاو و ناشیرین بوون، گواستنەوەی ئەو رەفتارانە بۆ پایتەختی رۆشنبیری، لای ئێمە قبوڵكراو نیە".

هه‌روه‌ها رایده‌گه‌یه‌نین "ئێمە لە لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان دەبینە پارێزەری سەروماڵی تیمەكانمان لەم سنوورەدا، بۆیە بەپێی بڕگەی پێنجەم لە ماددەی حەوتەمی یاسای ژمارە 35 ی كاری رۆژنامەگەری، هەر هاووڵاتییەك سوكایەتی بە رۆژنامەنووس یان دەستدرێژی بكاتە سەری، ئەوا بەرپرس دەبێت و لێپێچینەوەی یاسایی دەیگرێتەوە".

له‌ كۆتاییدا داواكارین هاووڵاتیان و خۆپیشاندەران شارستانیانە مامەڵە لەگەڵ تیمەكانمان بكەن و رێزگرتن لە ئەندامانی سەندیكامان گەورەیی و رێزگرتنە لەجوانیەكانی پایتەختی رۆشنبیری".