حكوومەتی ھەرێمی كوردستان: هه‌موو جارێك وه‌ڵامی به‌غدا نه‌رێنی بووه‌

"وه‌ڵاممان بۆ هه‌ردوو ره‌شنووسه‌كه‌ هه‌بووه"

K24 - ھەولێر

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا وەڵامی حكوومەتی عێراق دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، هیچ رێككه‌وتنێك له‌ نێوانمادا واژوو نه‌كراوه تا ھەرێمی كوردستان لێی پاشگەزبێتەوە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، ھەرێمی كوردستان چه‌ند جارێك ئاماده‌یی بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور نیشانداوه‌، به‌ڵام هه‌موو جارێك وه‌ڵامی به‌غدا نه‌رێنی بووه.

لە راگەیەندراوەكەی حكوومەتی ھەرێم ھاتووە: "‌ته‌نیا ره‌شنووسێكی رێككه‌وتن له‌لایه‌ن شاندی سه‌ربازیی حكوومه‌تی عێراقه‌وه‌ پێشكه‌شكراوه‌ و له‌ رۆژی دواتری كۆبوونه‌وه‌ی نێوان هه‌ردوو شاندی حكوومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستانیشدا، ره‌شنووسێكی جیا له‌وه‌ی یه‌كه‌م كه‌ شاندی سه‌ربازی پێشكه‌شی كردبوو، نێردراوه‌ و وه‌ڵامیشمان بۆ هه‌ردوو ڕه‌شنووسه‌كه‌ هه‌بووه"‌.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكە حكوومەتی ھەرێم رایدەگەیەنێت: "له‌ سۆنگه‌ی باوه‌ڕبوونمان به‌ مافه‌كانمان هه‌روه‌ك له‌ ده‌ستووری عێراقیدا هاتووه‌، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئاشتین و بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنێكی گشتیش، داوای گفتوگۆیه‌كی بونیاتنه‌ر و راشكاوانه‌ ده‌كه‌ین به ‌مه‌به‌ستی دروستكردنی پاشه ‌رۆژێكی پارێزراو بۆ نه‌وه‌كانی گه‌لی عێراق".

دەقی راگەیەندراوەكەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان

ڕۆژی  چوارشه‌ممه‌ به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ لێدوانێكدا ڕایگه‌یاند ‌هه‌ولێر له‌و ڕێككه‌وتنه پاشگه‌ز بووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ نێوان شاندێكی سوپای عیراق و وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه‌دا ئه‌نجامدراوه‌‌.

لێره‌دا ڕایده‌گه‌یه‌نین كه‌ هیچ رێككه‌وتنێك له‌ نێوانمادا واژۆ نه‌كراوه‌، ته‌نیا ڕه‌شنووسێكی ڕێككه‌وتن له‌لایه‌ن شاندی سه‌ربازیی حكوومه‌تی عیراقه‌وه‌ پێشكه‌ش كراوه‌ و له‌ ڕۆژی دواتری كۆبوونه‌وه‌ی نێوان هه‌ردوو شاندی حكوومه‌ت و هه‌رێمی كوردستانیشدا، ڕه‌شنوسێكی جیا له‌وه‌ی یه‌كه‌م كه‌ شاندی سه‌ربازی پێشكه‌شی كردبوو، نێردراوه‌ و وه‌ڵامیشمان بۆ هه‌ردوو ڕه‌شنووسه‌كه‌ هه‌بووه‌. ئێمه‌ چه‌ند جارێك ئاماده‌یی خۆمان بۆ دانوستان له‌گه‌ل حكوومه‌تی فیدرال له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور نیشان داوه‌، به‌ڵام هه‌موو جارێك وه‌ڵامی به‌غدا نه‌رێنی بووه‌.

ئاراسته‌كردنی ڕه‌وشی ئێستا بۆ شه‌ر، له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ بۆ عیراقییه‌كان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌.

له‌ سۆنگه‌ی باوه‌ڕبوونمان به‌ مافه‌كانمان هه‌روه‌ك له‌ ده‌ستووری عیراقیدا هاتووه‌، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئاشتین و بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێككه‌وتنێكی گشتیش، داوای گفتوگۆیه‌كی بونیاتنه‌ر و ڕاشكاوانه‌ ده‌كه‌ین به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی پاشه‌ڕۆژێكی پارێزراو بۆ نه‌وه‌كانی گه‌لی عیراق. داوا له‌ مه‌رجه‌عه‌ گه‌وره‌كان و ته‌واوی پارته‌ عیراقییه‌كان و ڕێكخراوه سڤیله‌كان و هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ باوه‌ڕیان به‌ ده‌ستوور و ئاسایش و ئاشتی هه‌یه، دژی هه‌موو هه‌وڵێك بوه‌ستنه‌وه‌ كه‌ ده‌بنه‌ هۆی دروستكرنی فیتنه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو گه‌لی كورد و عه‌ره‌ب، ڕێگری‌ له‌وه‌ش‌ بكه‌ن به‌ توندوتیژی و شه‌ڕ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن.

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

1/11/2017