"حەشدی شەعبی و پەكەكە لە شنگال رێككەوتوون"
بەڕێوەبردنى ئیدارە لەلایەن حەشدى شەعبى و پەکەکە پێچەوانەى دەستوور و یاسایە
K24 - ھەولێر
میلیشیای حەشدى شەعبى و ھێزەكانی پەکەکە لە تەواوى سنوورى شنگال، لەسەر دابەشکردنى سنوورى دەسەڵات و بەڕێوەبردنى یەکەى کارگێڕى ناوچەکە رێککەوتوون.
مەحما خەلیل، قایمقامى شنگال بە ئاژانسى ئەنادۆڵ راگەیاندووە: "حەشدى شەعبى و پەکەکە لە سنوورى شنگال، بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسا و کارکردن بە بنەما یاسایی و دەستوورییەکان لەسەر هەمووشتێك رێککەوتوون، خاکەکەیان بەسەر خۆیاندا دابەشکردووە هەر گرووپێکى پەکەکە یان حەشدى شەعبى لە سنوورێك دەسەڵاتدارە، ئەمەش ترس و نیگەرانى لەلایەن هاووڵاتییانى سنوورەکە دروستکردوە و و بەهۆیەوە هەزاران کەس لە شنگال ئاوارەى سنوورى پارێزگاى دهۆك بوونە".
قایمقامى قەزاى شنگال دەڵێت: "پەکەکە چەند یەکەیەکى کارگێڕى شنگالى لەژێر ناو و سیماى حەشدى شەعبى وەرگرتووە، بۆ نموونە چەند کەسێکى دەستڕۆیشتووى ریزەکانى پەکەکە لەژێر ناوى حەشدى شەعبى قایمقامیيەتى شارۆچکەى شنگال و بەڕێوەبەرایەتى شارەدێى سنون و گرعوزێرییان وەرگرتووە، تەواوى یەکە کارگێڕییەکانى دیکەى شارۆچکەکە لەلایەن حەشدى شەعبییەوە بەڕێوە دەبرێن. لە کارەکانیاندا یاساى تایبەتیان بەخۆیان هەیە و بەهیچ شێوەیەك کار بە یاساى عێراق ناکەن".
دەشڵێت: "بەڕێوەبردنى یەکە کارگێڕییەکانى شنگال لەلایەن حەشدى شەعبى و پەکەکە پێچەوانەى دەستوور و یاسایە، لەلایەن ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا و ئەنجوومەنى قەزاى شنگال رەتکراوەتەوە و بە داگیرکارى یەکە ئیدارییەکان لە قەڵەم دراون".
مەحما خەلیل، ئەوەشی خستووەڕوو: "لە کاتێکدا یەکە کارگێڕییەکانى قەزاى شنگال لەلایەن چەند چەکدارێکى تێکدەر بەڕێوە دەبرێت و سنوورەکە بووەتە شوێنى ئاژاوە نانەوە و شەڕ فرۆشتن بە هاووڵاتییان و پێکهاتەکانى ناوچەکە، کەچى حکوومەتى عێراق هیچ روونکردنەوەیەکى لەسەر دۆخى شنگال و دەوروبەرى نەداوە".
روونیكردووەتەوە: "لە سنوورى شنگال چەندین گرووپى چەکدارى لە بازنەى پەکەکە و حەشدى شەعبى چالاکى ئەنجام دەدەن و دامودەزگاکانى حکوومەت و بارەگاى حیزبەکان بۆخۆیان بەکاردەهێن و ماڵ و حاڵى هاووڵاتییانیش بە تاڵان دەبەن، مانەوەى شنگال لەژێر دەستى حەشدى شەعبى و پەکەکە هەڕەشەیەکى گەورە دەخاتە سەر ئایندەى شنگال و بە دووریشى نازانین ببنە هەڕەشە لەسەر هەرێمى کوردستان و وڵاتانى دیکەى ناوچە".