سه‌رۆكی میلیشیایه‌كی شیعه باس له رۆڵی قاسم سوله‌یمانی ده‌كات له كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی كه‌ركووك
میلیشیا شیعه‌كان ته‌واوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستییان ته‌نیوه
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌كره‌م كه‌عبی، سكرتێری گشتی میلیشیای چه‌كداری "نوجه‌با"ی عێراقی، كه راسته‌وخۆ سه‌ر به ئێرانه رایگه‌یاند، حاجی قاسم سوله‌یمانی رۆڵێكی باشی هه‌بوو له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌ركووك و ناوچه "جێناكۆكه‌كان" و چوونی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق بۆ ئه‌و ناوچانه.
ئه‌كره‌م كه‌عبی گوتیشی: "هه‌ندێك له هێزه نیشتمانییه‌كانی (پێشمه‌رگه) هاوكارییان كردین و به‌بێ هیچ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ك و قوربانییه‌ك هێزه‌كان چوونه‌ته ئه‌و ناوچانه".
كه‌عبی له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی "الاخبار"ی لوبنانی، سه‌ر به حزبوڵڵا، رایگه‌یاندووه، شێوازی چۆنیه‌تی گه‌یشتنی چه‌كدارانی میلیشیاكه‌ی و میلیشیا شیعه‌كانی دیكه‌ی سه‌ر به ئێران، كه له به‌رژه‌وه‌ندی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د ده‌جه‌نگن روونكرده‌وه و گوتی: "وه‌كو گرووپێكی گه‌شتیاری و سه‌ردانیكار ده‌چنه سووریا، له‌وێش چه‌كوچۆڵ و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازییان بۆ ئاماده كراوه".
روونیشیی كرده‌وه، حكوومه‌تی عێراق هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به هێزه‌كانی ئه‌وه‌وه نییه و ئه‌وان گرووپێكی گه‌شتیارین به شێوه‌یه‌كی ئاسایی و یاسایی چوونه‌ته سووریا.
میلیشیای "نوجه‌با" راسته‌وخۆ سه‌ر به عه‌قیده‌ی عه‌لی خامه‌نه‌یی، رێبه‌ری باڵای ئیسلامی ئێرانه و یه‌كێكه له‌و ده‌یان میلیشیایه‌ی كه ئێران بۆ شه‌ڕكردن له به‌رژه‌وه‌ندی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د، ره‌وانی سووریای كردوون.
میلیشیاكان رۆڵێكی دیاری‌یان له شه‌ڕه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی دیمه‌شق و ده‌شته‌كانی حیمس و دێره‌زوور و حه‌له‌ب هه‌بووه و له چه‌ندین ناوچه‌ی دیكه‌ش، شانبه‌شانی سه‌ربازانی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د جه‌نگاون.
له باره‌ی "لیوای ئازادكردنی جۆلان"ی سه‌ر به میلیشیای "نوجه‌با" رایگه‌یاند، لیواكه له‌ناو خاكی سووریا بوونی هه‌یه و ده‌جه‌نگێت، دووپاتیشی كرده‌وه، ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن رژێمی سووریاوه بۆ "ئازادكردنی جۆلان" داوایان لێبكرێت، به‌شداری له ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا ده‌كه‌ن.
جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، میلیشیاكه‌یان هاوكاری هه‌ر هێزێك ده‌كات، كه له دژی ئیسرائیل ده‌جه‌نگێت.