ئەنجوومەنی وەزیران و پارێزگارەكان تاوتوێ مووچەی فەرمانبەران و داھات دەكەن

سەرجەم كێشەكان لە پاكێجێكدا كۆدەكرێنەوە

K24 - ھەولێر

پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، لەگەڵ پارێزگار و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كۆدەبێتەوە، چەند پرسێكی تایبەت بە ئیدارە و ژیانی ھاووڵاتیان تاوتوێ بكەن".

گوتیشی: "بڕیارە لە كۆبوونەوەكەدا باس لە چارەسەری مووچەی فەرمانبەران و شێوازی دابەشكردنی مووچە بكرێت، دەیانەوێت رێگەچارەیەك لە رێگەی داھاتی پارێزگاكان بدۆزرێتەوە، ھەروەھا رێگەچارە بۆ كێشە خزمەتگوزارییەكانی پارێزگاكان دادەنرێت".

بەگوێرەی زانیاری پەیامنێرمان: "لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە سەردانی شاندی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا دەكرێت و دەیانەوێت كێشەی ھەموو پارێزگاكان بكرێت بە پاكێجێك و لەگەڵ بەغدا گفتوگۆی لەبارەوە بكەن".