شیعەكانی خورماتوو دژی ھاتنی گاردی كۆماری خۆپێشاندان دەكەن
رێگەی سەرەكی كەركووك بەغدا داخرا
K24 - ھەولێر
دەنگۆی ئەوە ھەیە میلیشیای حەشدی شەعبی لە خورماتوو بكێشتەوە و ھێزەكانی گاردی كۆماری عێراق شوێنی ئەوان بگرنەوە، شیعەكانی خورماتووش لە خۆپێشاندانێكدا داوای مانەوەی حەشد دەكەن و رێگەی نێوان كەركووك- بەغدا دادەخەن.
بە گوێرەی زانیاری پەیامنێری كوردستان24: "ئەمڕۆ ژمارەیەك لە شیعەكانی دانیشتووی خورماتوو دژی ھاتنی گاردی كۆماری بۆ خورماتوو خۆپێشاندانێكیان رێكخست و داوای مانەوەی میلیشیای حەشدی شەعبی دەكەن".
ھەر بە گوێرەی زانیارییەكان لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو رێگەی نێوان كەركووك- بەغدایان داخستووە".
ئەوە دوای ئەوە دێت كە لە 16 ئۆكتۆبەر چەكدارانی حەشدی شەعبی بە پاڵپشتی ئێران، كەركووك و خورماتوویان داگیركرد، لەم ماوەیەدا ئازار و ئەشكەنجەی ھاووڵاتیانی كوردیانداوە و بەشێك لە شیعەكانی خورماتوو تۆمەتبارن بە تاڵانكردنی ماڵە كوردەكان.



